عێراق و 30 وڵاتی دیکە دژی ناتانیاهۆ هەڵوێستی سیاسی دەردەبڕن
لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا، 31 وڵاتی عەرەبی و ئیسلامیی، بە توندی بەرانبەر لێدوانەکانی ناتانیاهۆ لە بارەی پلان و ئاواتەکانی بۆ بەدیهێنانی ئیسرائیلی گەورە وەستانەوە.
بەپێی بەیاننامەکە، ئەم لێدوانانەی ناتانیاهۆ هەڕەشە و سوکایەتییە بۆ ئاسایش و بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی، هەروەها دەستوەردانێکی ڕاستەوخۆیە بۆ ئاسایش و سەروەریی وڵاتانی عەرەبی و ناوچەکە.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە، وڵاتە عەرەبی و ئیسلامییەکان هەموو ڕێگەچارەیەک دژی ئەم هەوڵانە دەگرنە بەر، بە ڕەچاوکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان و جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان.
بەیاننامەکە بە توندی دژی ڕەزامەندی "بێزالێل سمۆتریچ" وەزیری دارایی ئیسرائیل بۆ پلانی نیشتەجێبوون لە ناوچەی E1 لەبارەی بونیاتنانی دەوڵەتی فەڵەستین وەستایەوە، پێیان وایە ئەمە هێرشە بۆ سەر مافی گەلی فەڵەستین بۆ ڕاگەیاندنی دەوڵەتی خۆی و قودسیش ببێت بە پایتەختی، هاوکات جەختیان کردەوە لەوەی، ئیسرائیل هیچ سەروەرییەکی لەسەر خاکی فەڵەستین نابێت.
وڵاتە عەرەبی و ئیسلامییەکان هۆشداریی لە نیازی ئیسرائیل بۆ بەرفراوانکردنی دەسەڵاتی خۆی و خاکی ژێر دەسەڵاتی لە ناوچەی کەناری ڕۆژئاوا دەدەن، جەختیان لەوەش کردووەتەوە، کەرتی غەززە بەشێکی جیانەکراوەیە لە خاکی فەڵەستین و دەبێت لەژێر دەسەڵاتی فەڵەستیندا بێت، هاوکات داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بە تایبەتی وڵاتانی هەمیشە ئەندام لە ئەنجوومەنی ئاسایش و نەتەوە یەکگرتووەکان کرد، ئەرکی یاسایی و ئەخلاقیی خۆیان جێبەجێ بکەن بەوەی، داوا لە ئیسرائیل بکەن بە زووترین کات دەستدرێژیی بۆ سەر خاکی فەڵەستین ڕابگرێت.
بەیاننامەکە 31 وڵاتی عەرەبی و ئیسلامیی کە لەنێوانیاندا کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی و ڕێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی و ئەنجوومەنی هاریکاری وڵاتانی کەنداو هەیە، دوای لێدوانەکانی ناتانیاهۆ هات، کە لە چاوپێکەوتنێکیدا هەفتەی ڕابردوو ڕایگەیاند، ئەرکە سیاسی و ڕووحییەکەی ئەو ،بنیاتنانی دەوڵەتی ئیسرائیلی گەورەیە.
ئەم هەڵوێستەی ناتانیاهۆ هاوشێوەیە لەگەڵ چەند هەڵوێستێکی پێشووی وەزیری دارایی ئیسرائیل، بێزالێل سمۆتریچ کە پێشتر ڕایگەیاندبوو، ئاواتخوازە بەشیێک لە خاکی فەڵەستین و ئوردن و سووریا و لوبنان و عێراق بخرێتە پاڵ خاکی ئیسرائیلەوە.