نێچیرڤان بارزانی: به‌رپرسیاریه‌تى گه‌یاندنى گه‌لى كوردستان به‌ كه‌نارى ئارامى ده‌كه‌وێته‌ سه‌رشانى پارتى

نێچیرڤان بارزانی
نێچیرڤان بارزانی

نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بیروەری 79 ساڵەی دامەزراندنی پارتیدا دەڵێت: گه‌وره‌ترین به‌رپرسیاریه‌تى بۆ گه‌یاندنى گه‌لى كوردستان به‌ كه‌نارى ئارامى، ده‌كه‌وێته‌ سه‌رشانى پارتى.

شەممە 16ـی ئابی 2025، نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بیروەری 79 ساڵەی دامەزراندنی پارتەکەیدا پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە تێیدا ئاماژەی بەوە کردووە، لەو بیرەوەریەدا، به‌ شكۆدارییه‌وه‌ بارزانیى نه‌مر، دامه‌زرێنه‌رى پارتى و ڕێبه‌رى ڕۆحیى گه‌لى كوردستان و ته‌واوى ئه‌و قاره‌مان و شۆڕشگێڕ و پێشمه‌رگه‌ نه‌به‌ردانه‌‌ به‌بیر ده‌هێنینه‌وه‌ كه‌ دڵسۆزانه‌ له‌پێناو ئازادیى كوردستاندا، گیانیان به‌خشى، دووپاتی ئەوەشی کردووەتەوە،  به‌ ئومێد و بڕواوه،‌ به‌ڵێنى به‌رده‌وامیى كار و كۆشش له‌پێناو ئامانجه‌ باڵاكانى پارتى و هێنانه‌دى مافه‌كانى گه‌لى كوردستان دەدەن.

نێچیرڤان بارزانی لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بە زۆروورەتی دامەزراندنی پارتی کردووە و دەڵێت:" پارتى به‌ر له‌ (79) ساڵ له‌ دۆخێكى ئاڵۆز و دژوارى ئه‌و سه‌رده‌مه‌دا وه‌ك پێویستییه‌كى ژیانى و له‌پێش دامه‌زرا، تاكوو سه‌رفرازانه‌ ڕێبه‌رى و سه‌ركردایه‌تیى گه‌لى كوردستان به‌ره‌و ئازادى بكات، دەڵێت: ئێستاش به‌پێى مێژوو و ئاماده‌یى و ڕۆڵ و پێگه‌ى له‌سه‌ر گۆڕه‌پانى كوردستانى، گه‌وره‌ترین به‌رپرسیاریه‌تى بۆ گه‌یاندنى گه‌لى كوردستان به‌ كه‌نارى ئارامى، ده‌كه‌وێته‌ سه‌رشانى پارتى.

هەر لە پەیامەکەیدا، نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوە کردووە، به‌رپرسیاریه‌تیى مێژوویى و نیشتمانیى پارتى‌ وا ده‌كات، پێشه‌نگى پته‌وكردنى یه‌كڕیزى و ته‌بایى و پێكه‌وه‌یى و كۆكردنه‌وه‌ى لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و پێكهاته‌كانى كوردستان و ده‌ستپێشخه‌ر بێت بۆ تێپه‌ڕاندنى كێشه‌ و ناكۆكییه‌كان، بۆ ئه‌وه‌ى ڕێبه‌ریى كوردستان بكات له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى مه‌ترسى و ئاڵنگارییه‌كان و گۆڕینیان به‌ ده‌رفه‌ت و خزمه‌ت بۆ ئێستا و داهاتووى گه‌ل و وڵات. له‌م پێناوه‌شدا، پارتى وه‌ك هه‌میشه‌ هه‌موو قوربانییه‌ك ده‌دات.

نێچیرڤان بارزانی لەبارەی ئالنگارییەکانی بەردەم هەرێمی کوردستانیش، نێچیرڤان بارزانی دەڵێت:  وه‌ك چۆن له‌ هه‌موو كێشه‌ و ئاڵۆزى و هه‌وراز و نشێوه‌كانى مێژوودا، پارتى سه‌ركه‌وتوو و سه‌رفراز مایه‌وه‌، هه‌رواش به‌ دانایى و ئیراده‌ى به‌هێزه‌وه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت تا ئومێد و خه‌ونه‌كانى گه‌لى كوردستان به‌دى ده‌هێنێت، دەڵێت:  بۆ ئه‌مه‌ ده‌بێ به‌رده‌وام خۆمان له‌گه‌ڵ پێشهات و پێشكه‌وتنه‌كان و گیانى سه‌رده‌م و پێداویستییه‌كانیدا نوێ بكه‌ینه‌وه‌ و پارتى وه‌ك هه‌میشه‌، ئومێد، گارانتى، گیان و داینه‌مۆى به‌ره‌وپێشچوونى گه‌لى كوردستان بێت.