سەرۆك بارزانی: نابێ ناکۆکیی نێوان لایەنەکان ببێتە هۆی شەڕی نێوان کورد و عەرەب

سەرۆک بارزانی لە پێشوازی كەسایەتیی سیاسیی سووریا مەحمود ئەلموسەڵەت دووپاتی کردەوە، نابێ ناکۆکیی نێوان لایەنەکان ببێتە هۆی شەڕی نێوان کورد و عەرەب.

بەپێی ڕاگەیەندراوی بارەگای بارزانی، ڕۆژی شەممە 16ی ئابی 2025 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە كەسایەتیی سیاسیی سووریا مەحمود ئەلموسەڵەت كرد. 

لە دیدارەكەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسی و دوایین گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە، بە تایبەتی ڕۆژهەڵاتی سووریا ئاڵوگۆڕ كرا. 

بارەگای بارزانی ئاماژەی بەوە کردووە، لە دیدارەکەدا  جەخت لەوە كرایەوە كە، پێویستە هانی لایەنە سیاسیەكانی سووریا و حكوومەتی سووریا بدرێت، بۆ چارەسەركردنی كێشەكان پشت بە شێوازی دیالۆگ و یەكترقبووڵكردن ببەستن و گرفت و ئالنگارییەكان تێپەڕێنن.

 هەروەها ئەوەش دووپات کرایەوە کە نابێ ناکۆکیی نێوان لایەنەکان ببێتە هۆی شەڕی نێوان کورد و عەرەب.