گوتەبێژی پارتی: لەسەر پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت ڕێککەوتووین

گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، لەسەر بنەماکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕێککەوتووین. خاڵی هاوبەشیش ئەوەیە چۆن قەوارەی هەرێمی کوردستان و ئەم دەستکەوتانەی هەیە بیانپارێزین.

مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لەسەر بنەماکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ یەکێتی ڕێککەوتووین، هەروەها هەندێک بابەتی دیکە هەیە وەک دابەشکردنی پۆست و پەرلەمان و چەند شتێکی دیکە، کە گفتوگۆی زۆریان لەسەر کراوە و ڕەنگە لەم چەند ڕۆژەی داهاتوو کۆتایی پێ بێت.

ئاماژەی بەوەش کرد، شێوازی چۆنیەتی تێگەیشتنی هەرلایەک بۆ چۆنیەتی کاری حکوومی کاتی ویستووە، خاڵی هاوبەشیش ئەوەیە چۆن قەوارەی هەرێمی کوردستان و ئەم دەستکەوتانەی هەیە بیانپارێزین و ڕووبەڕووی ئاڵنگارییەکان ببینەوە.

باسی لەوەش کرد، ئێمە دوو حزبی جیاوازین، ڕەنگە لەهەندێک بابەت تێگەیشتنمان وەکوو یەک نەبێت و جیاواز بێت، چونکە ڕەنگە بیرۆکەی جیاوازمان لە شێوازی حوکمڕانی هەبێت، هەروەها هیچ خاڵێکی ناکۆکی وەها نییە ببێتە هۆی پێکنەهێنانی حکوومەت.

هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان لە 20ـی تشرینى یەکەمی 2024 کرا. پارتى 39 کورسی و یەکێتى 23 کورسی بەدەستهێنا.

 
 

Fly Erbil Advertisment