قۆناغی بەستنەوەی تۆڕەکانی ئاوی ناوخۆ بە پڕۆژەی ئاوی فریاگوزاریی هەولێر دەستی پێکرد
ڕۆژی 16ی ئاب، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، قۆناغی بەستنەوەی پڕۆژەی فریاگوزاریی ئاوی هەولێری ڕاگەیاند.
پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، کۆمپانیای K1 کە کۆمپانیایەکی نێوخۆییە، هاوشان لەگەڵ هێمن گرووپ پرۆژەکە جێبەجێ دەکەن، ڕاشیگەیاند: پرۆژەکە بە 25 ملیار دینار و بە نزیکەی 400 هەزار مەتر بۆری جێبەجێ دەکرێت، وەک ئاماژەی بۆ کرد، کۆمپانیاکان هێلە لاوەکییەکان لەگەڵ هێلە سەرەکییەکانی پڕۆژەی فریاگوزاریی هەولێر بەیەکەوە دەبەستنەوە، دواتر لە ڕێگەی تۆڕی ئاوی ماڵانەوە، پڕۆژەکە بە ماڵی هاوڵاتییان دەبەستێتەوە.
پارێزگاری هەولێر ڕاشیگەیاند: پڕۆژەی فریاگوزاری هەولێر لە سنووری شارەوانییەکانی( 4 و5 و 6 ) لەم چەند ڕۆژەدا بەڕێژەی 100٪ کۆتایی پێدیت.
ڕاشیگەیاند: ئێستا قۆناغێکی دیکەی پڕۆژەکە دەستپێدەکات بە ئامانجی، هاوتەریب بەڕێوەچوونی پڕۆژەکە و قۆناغی دووەمی پڕۆژەی فریاگوزاری هەولێر، کە بڕیارە لە کۆتایی ئەمساڵدا کۆتایی پێبێت و تەواوی پرۆژەکە بکەوێتە خزمەتی هاوڵاتییان.
لەبەشێکی دیکەی کۆنگرە ڕۆژنامەنووسیەکەدا، پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، ئەمڕۆ تاکوو سبەی، دەست بە جێبەجێکردنی کاری هێلی لاوەکی سنووری شارەوانییەکانی( 2 و 3 ) دەکرێت و چاوەڕوان دەکرێت هاوتەریب لەگەڵ تەواوبوونی پڕۆژەی فریاگوزاری هەولێر، ئەو پڕۆژەیەش کۆتایی پێبێت.
ئومێد خۆشناو گوتی؛ سەرەڕای ئەوەی ئەو(5)شارەوانییە دەکەونە سنووری سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر، بەڵام ناوچەکانی دەرەوەی ئەو شارەوانییانەش لەم پڕۆژەیە سوودمەندن.
هەروەها ئومێد خۆشناو ڕۆڵی ئەندازیارانی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی هەولێر و تیمی هەردوو کۆمپانیاکەی بەرز نرخاند و گوتی؛ ئەمە کارێکی ئاسان نییە بتوانی هێڵی ئاو لەنێو ئاوەدانی و شەقامەکاندا ڕابکێشیت بەبێ ئەوەی هیچ ڕووداوێکی هاتوچۆ ڕووبدات و بگرە هاوڵاتییانیش گلەییان نەبێت.
پارێزگاری هەولێر گوتی: هەر لە کۆتایی ئەمساڵدا پڕۆژەی ڕووناکی کۆتایی پێدێت و ئێستادا لە ناوەڕاستی شاری هەولێر تەواو بووە تا بازنەی 150 مەتری، سەرباری ئەوەی کاردەکرێت بۆ ئەوەی لە کۆتایی ئەم مانگەدا، پرۆژەی ڕووناکیی بە پیرمام و سنووری دەورووبەری بگات.
هەروەها ئومێد خۆشناو ڕایگەیاند: حکوومەتی هەرێمی کوردستان توانیویەتی هەردوو کێشەی ئاو و کارەبا چارەسەر بکات کە مافی سەرەکی هاوڵاتییانە، گوتیشی: ژینگەی هەولێر دوای پڕۆژەی ڕووناکی بە شێوەیەکی بەرچاو پاکبووەتەوە.