مەحموود مەشهەدانی: پارتی خزمەتی بە ئاسایش و گەشەپێدانی عێراق کردووە

بەبۆنەی تێپەڕینی(79) ساڵ بەسەر دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەحموود مەشهەدانی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق پەیامێکی پیرۆزبایی بۆ سەرۆک بارزانی ناردووە و تێیدا ئاماژەی بەوە کردووە، دامەزراندنی پارتی بە ڕێبەرایەتی بارزانی نەمر، وێستگەیەکی مێژوویی گرنگە لە کاروانی خەبات و تێکۆشانی نیشتمانی، دەشڵێت: پارتی خزمەتی بە ئاسایش و گەشەپێدانی عێراق کردووە.

سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە پەیامەکەیدا، بەو بۆنەوە، پیرۆزبایی لە سەرۆک بارزانی و ئەندامانی سەرکردایەتی و گەلی کورد و خەڵکی کوردستان بەگشتی کردووە.

مەحموود مەشهەدانی ئاماژەی بەوە کردووە، دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر دەستی بارزانی نەمر لە ساڵی 1946، وێستگەیەکی مێژوویی گرنگە لە کاروانی تێکۆشانی نیشتمانیی، دەڵێت: پارتی قوربانیی زۆری داوە لەپێناو ئازادی و دادپەروەری، ڕۆڵی هەبووە لە پاراستن و فەراهەمکردنی بنەماکانی دیموکراسی و فرەیی سیاسیی لە عێراق.

سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە پەیامەکەیدا دەڵێت: بەو بۆنەوە، بە گەورەیی و شکۆدارییەوە، قارەمانێتی و ئازایەتی پیاوەکانی ئەو پارتە وەبیردەهێنینەوە، ڕۆڵی پڕ بەرهەمی ئەو پارتە لە پشتیوانیکردنی پرۆسەی سیاسی و پەرەپێدانی هاوبەشیی نیشتمانی، بەرزدەنرخێنین کە خزمەتی بە ئاسایش و گەشەپێدانی عێراق کردووە.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment