عەمار حەکیم: هەڵوێستەكانی پارتی لە پاڵپشتی كردنی دیموكراسییەت بەرز دەنرخێنین

عەمار حەکیم، سەرۆکی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی، بەبۆنەی 79 ساڵەی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، پیرۆزبایی لە سەرۆک بارزانی دەکات.
شەممە، 16ـی ئابی 2025، عەمار حەکیم لە پەیامێکی پیرۆزبایی گوتی: بەبۆنەی یادی 79مین ساڵی دامەزارندن، پیرۆزبایی لە سەركردایەتی و كادیران و ئەندامان و جەماوەری پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەین، لە پێش هەموویان سەرۆك بارزانی.
عەمار حەکیم ئاماژەی بەوەش کرد، هیوای بەردەوام بوون و سەركەوتنیان بۆ دەخوازین لە خزمەتكردنی گەلی كوردستان و عێراق و پتەوكردنی بنەماكانی دیموكراسیەت و بەیەكەوە ژیانی هاوبەش لەنێوان پێكهاتەكانی نیشتمانە ئازیزەكەمان.
سەرۆکی ڕەوتی حیکمە گوتیشی: هەڵوێستەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە پاڵپشتی كردنی ڕێرەوی دیموكراسییەت بەرز دەنرخێنین و هانی سەرجەم هێزە نیشتمانییە چالاكەكانی گۆڕەپانی عێراقی دەدەین كە زمانی گفتوگۆ و بەرژەوەندی نیشتمانی باڵا ڕەچاو بكەن و بەسەر هەر بەرژەوەندییەكی دیكە، هەروەها كاری هاوبەش بكرێت بۆ چەساپندنی یەكگرتنی نیشتمان و پاراستنی دەستكەوتە دیموكراسییەكان و بنیاتنانی عێراقێكی بەهێز و سەقامگیر و پێشكەوتوو بۆ هەموو رۆڵەكانی.
لەکۆتایی پەیامەکەیدا ڕایگەیاند، هەموو ساڵێکی پارتی دیموكراتی كوردستان خێر بێت و پێشكەوتنی زیاتر و كاری باشتر بەخۆوە ببینێت.