درووزه‌كانی سوه‌یدا داوای مافی چاره‌ی خۆنووسین ده‌كه‌ن

سه‌دان كه‌س له دانیشتووانی پارێزگای سوه‌یدا خۆپیشاندانیان كرد، جگه له سه‌ركۆنه‌كردنی توندوتیژییه‌كانی پارێزگاكه‌یان، هاوكات داوای مافی چاره‌نووسیان كرد.
شه‌ممه، 16ـی ئابی 2025، سه‌دان كه‌س له دانیشتووانی پارێزگای سوه‌یدا له باشووری سووریا ڕژانه سه‌ر شه‌قامه‌كان و ئاڵای ڕه‌نگاوڕه‌نگی درووز و شێخ حیكمه‌ت هیجری، یه‌كێك له شێخه باڵاكانی درووزه‌كانیان به‌رز كرده‌وه و چه‌ندان دروشمی وه‌كوو (سوه‌یدا ئازاده ئازاده)ـیان ده‌گوته‌وه.
خۆپیشانده‌رانی سوه‌یدا هه‌روه‌ها یه‌كێك له دیارترین دروشمه‌كانیان كه به‌رزیان كردبووه‌وه، دیاریكردنی مافی چاره‌ی خۆنووسین بووه و هاوكات به توندی سه‌ركۆنه‌ی توندوتیژییه‌كانی پارێزگاكه‌یان كرد، كه به پێی ڕوانگه‌ی سووری بۆ مافه‌كانی مرۆڤ، 1677 كه‌س كوژراون.
خۆپیشانده‌رانی سوه‌یدا ڕایانگه‌یاندووه، مافی چاره‌نووس، مافێكی پیرۆزی دانیشتووانی ئه‌و پارێزگایه و به پێویستی ده‌زانن بۆ ئازادبوون و ڕزگاربوونیان له پاشكۆیه‌تی و ژێرده‌ستی، به‌و مافه ڕه‌وایه‌یان بگه‌ن.
شەممە، 16ـی ئابی 2025، ڕامی عه‌بدولڕه‌حمان، به‌ڕێوه‌به‌ری ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ تایبه‌ت به كوردستان24ـی ڕایگه‌یاند، ژمارەی کوژراوانی توندوتیژییەکانی پارێزگای سوه‌یدا لە باشووری سووریا له 13ـی ته‌ممووزه‌وه تاوه‌كوو 20ـی هه‌مان مانگ، هەزار و 677 کەس بووه، كه 452ـیان به ئاشكرا له لایه‌ن هێزه‌كانی سه‌ر به وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆی سووریا لە سێدارە دراون و له‌و ژماره‌یه‌شدا 43ـیان ئافره‌ت و 14ـیشان منداڵ و پیر بوون.