ناوەڕاستی ئەم هەفتەیە بڕیار لە مووچەی مانگی حوزەیران دەدرێت
پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا ڕایگەیاند: ناوەڕاستی ئەم هەفتەیە کە دەکاتە ڕۆژی سێشەممە، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، بڕیاری یەکلاکەرەوە لەبارەی مووچەی مانگی حوزەیرانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەدات.
یەکشەممە 17ـی ئابی 2025، شڤان جەباری، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا ڕایگەیاند:" ڕۆژی سێشەممەی داهاتوو، هەردوو وەزیری دارایی و نەوتی عێراق، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا، ڕاپۆرتی خۆیان پێشکەش بە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ دەکەن، بۆ ئەوەی بڕیاری پێویست لەبارەی مووچەی مانگی حوزەیران و مانگەکانی داهاتووی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بدات.
پەیامنێری کوردستان24 ئاماژە بەوەش دەکات، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە حکوومەتی فیدراڵی ڕاگەیاندووە، 120 ملیار دیناریان ئامادەیە بۆ ئەوەی ڕەوانەی بەغدای بکەن، هەرێمی کوردستان چاوەڕێی ئەوە دەکات، حکوومەتی فیدراڵ داوای ئەو بڕە پارەیە بکات بۆ ئەوەی لە بەرانبەردا مووچەی مانگی حوزەیران لە بەغداوە بۆ هەرێمی کوردستان ڕەوانە بکرێت.
لەبارەی پرسی هەناردەکردنی نەوتیش، شڤان جەباری ڕاگەیاند: ئێوارەی دوێنێ، شاندێکی تەکنیکی عێراق بەسەرۆکایەتی عامر مێری، بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای نەوتی باکوور، چوونەتە بەندەری جەیهان بۆ ئەوەی ڕێککەوتن لەگەڵ لایەنی تورکی بکەن بۆ ئەوەی دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوت بکرێتەوە، دەشڵێت: تورکیا مەرجێکی ئەوەیە، ڕۆژانە ملیۆنێک بەرمیل نەوت ڕادەست بکرێت، بەپێی زانیارییەکانیش، هەرێمی کوردستان ڕۆژانە کەمتر لە 200 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدێنێت، بەڵام بە حکوومەتی فیدراڵ ڕاگەیاندووە، ڕۆژانی داهاتوو ڕێژەی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ 400 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە بەرزدەکەنەوە وەک ڕۆژانی پێش هێرشە درۆنییەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان.
لەگەڵ ئەوەشدا کۆمپانیای( بی پی بەریتانی) کە هاتوونەتە کەرکووک، بەنیازن ڕێژەی بەرهەمهێنانی نەوت لە 350 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە بەرزبکەنەوە بۆ نزیکەی 650 هەزار بەرمیل، هاوکات داواکراوە، تێچووی گواستنەوەی بەرمیلێک نەوت بەرزبکرێتەوە بۆ چوار دۆلار، سەرباری ئەوەی لایەنی تورکی داوای کردووە، حکوومەتی عێراق لەو ملیار و 900 ملیۆن دۆلارە خۆشبێت کە عێراق داوای لێدەکات، بۆیە تا ڕاددەیەک حکوومەتی عێراق بە مەرجەکانی لایەنی تورکی ڕازییە، بۆیە چاوەڕێ دەکرێت بەم نزیکانە کەیسی نەوت بە تەواوی کۆتایی پێبێت و حکوومەتی فیدراڵ لە دوو ڕۆژی داهاتوودا، دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان بکات.
لەبارەی پرسی ناردنی داهاتی ناوخۆی هەرێم بۆ بەغدا، پەیامنیڕی کوردستان24 لەبەغدا ڕایگەیاند: حکوومەتی هەرێمی کوردستان دووپاتی دەکاتەوە، مانگەکانی داهاتوو ئەو 120 ملیار دینارە بۆ بەغدا نانێرن ، بەپێی یاساکانی بودجەش، پێویستە سەدا 50ـی داهاتی فیدراڵی ڕادەست بکات، نەوەک سەدا 50ـی داهاتی گشتی ناوخۆی کوردستان، ئەمە یەک لەو خاڵانەیە کە هەردوولا لەسەری ناکۆکن، بۆیە لەسەر ئەو بنەمایە، وەزارەتی دارایی فیدراڵ، ڕۆژی سێشەممەی داهاتوو، ڕاپۆرتی خۆی پێشکەش بە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکات.