گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی: بۆکاری پێویست بچنە دەرەوە و دەمامک بەکاربێنن
ماوەی دوو ڕۆژە تۆز و خۆڵ ڕووی لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان کردووە و گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی دەڵێت: بەبێ دەمامک مەچنە دەرەوە بۆ ئەوەی تووشی تەنگەنەفەسی نەبن.
یەکشەممە، 17ـی ئابی 2025، سەرکار سورچی، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: داوا لە هاووڵاتیان دەکەین لە کاتی چوونە دەرەوەدا دەمامک بەکار بهێنن، بۆ کاری پێویستیش بچنە درەوە تاوەکو ئەو تۆزو خۆڵەی ڕووی لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان کردووە کۆتای پێدێت.
گوتیشی: ڕاستە تاوەکو ئێستا هیچ ڕووداوێکی نەخوازراو ڕووی نەداوە، بەڵام بەپێی بڵاوکراوەکەی بەڕێوبەرایەتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێم بێت، چڕی خۆڵبارینەکە لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی دیکە دەگۆڕێت، بۆیە دەبێت هاووڵاتی هۆشیار بێت، تەنها بۆ کاری پێویست بچنە دەرەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە شەپۆلێکی خۆڵبارین ناوچەکانی هەرێمی گرتووەتەوە و پێشبینی دەکرێت کاریگەرییەکەی لەسەر ئیدارەی گەرمیان بەهێزتر بێت.
هاوکات کەشناسی پێشبینی دەکات کە، ئەمڕۆ و سبەی (دووشەممە، 18ـی ئابی 2025) ئاسمانی هەرێم ساماڵ و تۆزاوی دەبێت، کاریگەریی خۆڵبارینەکە بەشێوەی جیاواز لە ناوچەکان بمێنێتەوە، لە هەندێک کاتدا کەم دەکات و لە کاتەکانی دیکەدا زیاد دەکات.
بەپێی زانیارییەکان، ئیدارەی گەرمیان بەشێوەیەکی بەرچاوتر دەکەوێتە ژێر کاریگەریی ئەم شەپۆلە، لە کاتێکدا سنووری ئیدارەی زاخۆ و پارێزگای دهۆک کەمترین کاریگەرییان لەسەر دەبێت.