"سندووقی ڕەش"ـی فڕۆکە چییە؟ فڕۆکەوانێکی کورد ڕوونیدەکاتەوە
سندووقی ڕەشی فڕۆکە، کە لە ڕاستیدا ڕەنگی پرتەقاڵییە، یەکێکە لە گرنگترین ئامێرەکانی ناو فڕۆکە کە لە کاتی ڕووداوە نەخوازراوەکاندا ڕۆڵی سەرەکی دەبینێت لە شیکردنەوە و دۆزینەوەی هۆکارەکان. ئەم ئامێرە زانیاری ورد لەسەر دوایین ساتەکانی گەشتەکە تۆمار دەکات، کە دەبێتە کلیلێک بۆ لێکۆڵەرەوان تاوەکو لە هۆکاری ڕووداوەکە تێبگەن و لە داهاتوودا ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی بکەن.
مێژوو و ناونانی "سندووقی ڕەش"
سەبارەت بەوەی ناوی "سندووقی ڕەش" لە چییەوە هاتووە، میران ساڵەیی، کە چەندان ساڵە فڕۆکەوانە، بە کوردستان24ــی ڕاگەیاند "چەند بیروڕایەک هەن؛ یەکێک لە باوترین بیروڕاکان ئەوەیە کە دوای جەنگی جیهانی دووەم، زاراوەی 'سندووقی ڕەش' بۆ هەر ئامێرێکی ئەلیکترۆنی بەکار دەهات کە تەنیا زانیاری وەردەگرت و دەینارد، وەک سندووقێکی نهێنی وابوو. هەرچەندە ناوی سندووقی ڕەشە، بەڵام ڕەنگە پرتەقاڵییە درەوشاوەکەی بۆ ئەوەیە کە دوای ڕووداوەکان بە ئاسانی بدۆزرێتەوە."
بە گوتەی ساڵەیی، سندووقی ڕەش لە دوو بەشی سەرەکی پێکدێت:
تۆمارکەری داتای فڕین (FDR - Flight Data Recorder): ئەم بەشە زانیارییە تەکنیکییەکانی فڕۆکەکە تۆمار دەکات، وەک خێرایی، بەرزی، کاری سیستەمەکان و ئاڕاستەکان.
تۆمارکەری دەنگی کابینە (CVR - Cockpit Voice Recorder): ئەم ئامێرە گفتوگۆکانی نێوان فڕۆکەوانەکان، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ بورجی چاودێری و دەنگەکانی دیکەی ناو کابینەی فڕۆکەوان تۆمار دەکات.
ئەم زانیارییانە یارمەتیدەرن بۆ ئەوەی لێکۆڵەرەوان وێنەیەکی ڕوونی دوایین ساتەکانی ڕووداوەکەیان هەبێت. بۆ نموونە، لە شیکردنەوەی سندووقی ڕەشی فڕۆکە ئۆکراینییەکەدا، دەرکەوت کە ئامێرەکە تا 19 چرکە دوای تەقینەوەی مووشەکەکە گفتوگۆی فڕۆکەوانەکانی تۆمار کردووە.
تایبەتمەندییەکان و بەرگەگرتن
ئەو فڕۆکەوانە کوردە باسی لەوەش کرد، سندووقی ڕەش بە شێوەیەک دروست کراوە کە بتوانێت بەرگەی سەختترین بارودۆخەکان بگرێت. ئەم ئامێرە لە ماددەی تیتانیۆم و پۆڵای دژە ژەنگ دروستکراوە و دەتوانێت بەرگەی پلەی گەرمی بەرز تا 1100 پلەی سیلیزی و پەستانی بەهێز بگرێت.
باسی لەوەش کرد، هەروەها، لە کاتی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکە بۆ ناو ئاو، سندووقی ڕەش توانای ناردنی شەپۆلی دەنگی هەیە لە قوڵایی 20 هەزار بۆ 30 هەزار پێوە، کە ئەمەش پرۆسەی دۆزینەوەی ئاسانتر دەکات. ئەم شەپۆلانە بۆ ماوەی ٣٠ ڕۆژ بەردەوام دەبن
گرنگی لە سەلامەتیی فڕۆکەوانیدا
دۆزینەوە و شیکردنەوەی سندووقی ڕەش دوای هەر ڕووداوێکی ئاسمانی کارێکی لەپێشینەیە. زانیارییەکانی ناوی نەک هەر یارمەتیدەرە بۆ زانینی هۆکاری ڕووداوەکە، بەڵکو بۆ باشترکردنی ڕێکارەکانی سەلامەتی و ڕێگریکردن لە کارەساتی هاوشێوە لە داهاتوودا بەکاردەهێنرێت. بەهۆی گرنگییەکەیەوە، ئەم ئامێرە لە بەشی پشتەوەی فڕۆکە دادەنرێت، چونکە ئەم بەشە لە کاتی ڕووداوەکاندا کەمترین زیانی بەردەکەوێت.