شاخەوان عەبدوڵڵا: هیچ مووچەیەک نافەوتێت

شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، هیچ گرفتێک لە پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان نەماوە و دۆسیەکانی دیکەش  چارەسەر بوون، بە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت، مووچە خەرج دەکرێت.

لە بارەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانەوە، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق گوتی: هیچ مووچەیەک نافەوتێت و مووچەکانی مانگی شەش و حەوت ڕەوانە دەکرێن.

هەروەها ئاماژەی دا، لەم دوو ڕۆژەی ڕابردوو لەسەر داهاتە نانەوتییەکانیش حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ ڕێککەوتوون، لە هەفتەی داهاتووشەوە چەند کرانەوەیەک لە بارەی مووچەی مووچەخۆرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکرێت و ئومێد هەیە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا گرفتەکان چارە بکرێن.

گوتیشی: جیا لە ئاسانکارییەکانی حکوومەتی هەرێم لە پرسی نەوت، لە داهاتە نانەوتییەکانیش بە پشتبەستن بە یاسای کارگێڕی دارایی ئاسانکارییەکی زۆری بۆ حکوومەتی فیدراڵ کردووە، چونکە ئەوەی لە عێراق بووەتە کێشەیەکی گەورە، ئەوەیە یاساکانن بڕیار و ڕێنماییان بۆ دەرنەکراوە.

شاخەوان عەبدوڵڵا زیاتر ڕوونیکردەوە و گوتی: لە عێراق سیستەمێکی فیدراڵیمان هەیە و ئەگەر سەیری دەستووریش بکەن، هەموو ئەو ماددانەی پەیوەستن بە کۆکردنەوەی داهاتی فیدراڵی و سەر لە نوێ دابەشکردنەوەی داهاتەکە بەسەر پارێزگاکان و یاساکانی دیکەش هەن، تاوەکوو ئێستا لە پەرلەمانی عێراق یاسایان بۆ دەرنەکراوە، هەر بۆیە دەچن کار بەو یاسانە دەکەن کە بە عەقڵییەتێکی ناوەندگەرایی نووسراونەتەوە، ئەمەش بووەتە ناکۆیی.

ڕاشیگەیاند، تا ئەو کاتەی ئەم عەقڵییەتە ناوەندگەراییە حوکم بکەن، ڕێککەوتنەکان هیچ پێشکەوتنێک بەخۆیەوە نابینێت، بەڵام ئێستا لێکتێگەیشتنێک هەیە، کە هەرێمی کوردستان هەیە و دەبێت دەستوور جێبەجێ بکرێت و شایستەکانی هەرێم ڕەوانە بکرێن.

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment