ماکرۆن: پوتن ڕادەستکردنی ئۆکرانیای دەوێت نەک ئاشتی

سەرۆکی فەرەنسا ئاشکرای کرد، ئەگەر ئەمڕۆ لە بەرانبەر ڕووسیادا لاوازی نیشان بدەن، ئەوا ڕێگە بۆ ململانێکانی داهاتوو خۆش دەکەن. گوتیشی: پوتن ڕادەستکردنی ئۆکرانیای دەوێت نەک ئاشتی.

یەکشەممە 17ـی ئابی 2025، هەر یەکە لە ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، كییەر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی به‌ریتانیا و فرێدریک مێرز، ڕاوێژکاری ئه‌ڵمانیا، لە ڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی ئیرادەیان کرد.

سەرۆکی فەرەنسا ڕایگەیاند: هاوپەیمانیی ئیرادە، خوازیاری بەرقەرارکردنی ئاشتییەکی بەردەوامە لە ئۆکرانیا، کە ڕێز لە یەکپارچەیی خاکی وڵاتەکە بگرێت.

هاوکات لە باری ڕووسیاوە گوتی: ئەگەر ئەمڕۆ لە بەرانبەر ڕووسیادا لاوازی نیشان بدەن، ئەوا ڕێگە بۆ ململانێکانی داهاتوو خۆش دەکەن. دەشڵێت: "بە بڕوای من پوتن ڕادەستکردنی ئۆکرانیای دەوێت نەک ئاشتی".

جەختیشی لەوە کردەوە، ناتوانرێت گفتوگۆ لەسەر خاکی ئۆکرانیا بەبێ ئۆکراینیەکان بکرێت، هەروەک چۆن ناتوانرێت گفتوگۆ لەسەر ئاسایشی ئەورووپییەکان بەبێ ئەوان بکرێت.

سەرۆکی فەرەنسا، داوای کرد ئەورووپییەکان بانگهێشت بکرێن بۆ هەر لوتکەیەکی داهاتوو ئەگەر سەبارەت بە پرسی ئۆکرانیا بەڕێوە بچێت.

لە بارەی دۆناڵد ترەمپەوە، ماکرۆن ڕایگەیاند: پێی وایە سەرۆکی ئەمەریکا دەیەوێت ڕووسیا و ئۆکرانیا و ڕێکبکەون و ئاشتی ڕابگەیەنن.

سەرۆکی فەرەنسا، باسی لە کۆبوونەوەکەی سبەینێ کرد کە بڕیار وایە لە واشنتن لەبارەی پرسی ئۆکرانیا بەڕێوە بچێت و گوتی: خواستی ئێمە لە کۆبوونەوەکە ئەوەیە، بەرەیەکی یەکگرتوو لە نێوان ئۆکرانیا و هاوپەیمانە ئەورووپییەکان پێکبهێنین.

لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش کرد، سبەینێ دەچنە واشنتن نەک تەنیا بۆ یاوەریکردنی سەرۆکی ئۆکرانیا، بەڵکو دەچنە ئەوێ بۆ بەرگریکردن لە بەرژەوەندییەکانی ئەورووپا.

بڕیاروایە سبەینێ دووشەممە 18ـی ئابی 2025، هەر یەکە لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، ئورسولا ڤۆندێر لایەن، سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، فریدریک مێرز، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا، کییەر ستارمەر، سەرۆکی وەزیرانی بەریتانیا و ژمارەیەک سەرکردەی دیکە، لە کۆشکی سپی لە واشنتن کۆببنەوە.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment