ترەمپ: کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا لە دەستی زێلێنسکیدایە

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، 18ـی ئابی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، ئەمڕۆ "ڕۆژێکی گەورە" دەبێت لە کۆشکی سپی، چونکە میوانداری ژمارەیەک سەرکردەی ئەورووپای دەکات بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ڕێگاکانی کۆتاییهێنان بە شەڕی ئۆکرانیا.
ترەمپ لە زنجیرە تویتێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی 'تروس سۆشیال' ڕوونیکردەوە، "ڕۆژێکی گەورە لە کۆشکی سپی. هەرگیز ئەوەندە سەرکردەی ئەورووپیمان بە یەکجار نەبووە. شانازییەکی گەورەیە بۆ میوانداریکردنیان!"
ئاماژەی بەوەشکردووە، "نیوزی ساختە دەڵێت میوانداریکردنی زۆرێک لە سەرکردە گەورەکانی ئەورووپا لە کۆشکی سپی جوانمان زیانێکی گەورەیە بۆ سەرۆک ترەمپ، لەڕاستیدا ئەوە شەرەفێکی گەورەیە بۆ ئەمەریکا".
گوتیشی: ساڵێک لەمەوبەر ئەمەریکا وڵاتێکی نزیک بوو لە مردن. ئێستا، ئێمە هەموو کەسێک ئیرەیمان پێدەبات. یەک سەرۆک دەتوانێت چەندان جیاوازی دروست بکات.
سەبارەت بە شەڕی ئۆکرانیا، ترەمپ ڕایگەیاند: "زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، دەتوانێت نزیکەی دەستبەجێ کۆتایی بە شەڕ لەگەڵ ڕووسیا بهێنێت، ئەگەر بیەوێت، یان بەردەوام بێت لە شەڕکردن، کۆتاییهێنانی جەنگ ئێستا لەدەستی ئەودایە".
دۆناڵد ترەمپ ڕاشیگەیاند، ڕووسیا و ئۆکرانیا دەستبەجێ دەست بە دانوستانی ئاشتی دەکەن. هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە پرسی دابەشکردنی خاک لە گفتوگۆکاندا باس دەکرێت، بەڵام بڕیاری کۆتایی بۆ ئۆکرانیا بەجێدەهێڵرێت.
بەگوێرەی ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان، پلانێکی پێشنیازکراوی ترەمپ بریتییە لەوەی ئۆکرانیا دەستبەرداری بەشێک لە خاکەکەی ببێت لە بەرامبەر ئاگربەست و بەڵێنی هێرشنەکردنەوەی ڕووسیا. لەم چوارچێوەیەدا، بابەتی کۆنترۆڵکردنەوەی ئۆکرانیا بۆ کریمیا و ئەندامبوونی لە ناتۆ لەسەر مێزی گفتوگۆ نابێت.
بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە ترەمپ و زێلنسکی لە کۆشکی سپی کۆببنەوە و تاوتوێی ڕێگاکانی کۆتاییهێنان بەو شەڕە بکەن کە لە مانگی شوباتی 2022وە دەستی پێکردووە، لە کۆبوونەوەکەدا ژمارەیەک سەرکردەی ئەورووپا بەشدار دەبن، لەوانە ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، فریدریش مێرز، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا، گییەر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، ئۆرسولا ڤۆن دێر لیین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا و جێنس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتیی ناتۆ و چەندان کەسی دیکە.