ئەمڕۆ..سەرۆکانی ئۆکرانیا و ئەورووپا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ کۆدەبنەوە

بەمەبەستی کۆتایی هێنان بە جەنگی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا و گرەنتییەکان، سەرۆکانی ئۆکرانیا و وڵاتانی ئەورووپا، لە ئەمەریکا، لەگەڵ دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەو وڵاتە کۆدەبنەوە، بۆ ئەوەی بتوانن زەمینەی کۆبوونەوەی سێ قۆڵی نێوان، ئەمەریکا و ڕووسیا و ئۆکرانیا خۆشبکەن.

ئەو کۆبوونەوەیەی نێوان سەرۆکانی ئەورووپا و ئۆکرانیا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ لە کاتێکدایە، پێشتر دۆناڵد ترەمپ دووپاتی ئەوەی کردبووەوە، دەتوانێت کۆتایی بە جەنگی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا بێنێت، جەختیشی لەوە کردەوە، ئەستەمە ئۆکرانیا بتوانێت دوورگەی قرم بەدەستبێنێتەوە و ببێتە ئەندامی ناتۆش.

ئەمڕۆ دووشەممە 18ـی ئابی 2025، ڤۆلۆدمێر زێلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، لەگەڵ چەند سەرکردەیەکی دیکەی ئەورووپا،  چاوی بە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا دەکەوێت، سەرۆکی ئەمەریکاش پێشتر گوتبووی، ئەو چاوپێکەوتنە، بۆ ڕێگە خۆشکردنە بۆ ئەوەی کۆبوونەوەی سێ قۆڵی نێوان من و زێلینسکی و پوتندا بکرێت.

چاوەڕێ دەکرێت، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا سەرەتا لەگەڵ ڤۆلۆدمێر زێلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا کۆببێتەوە، دواتر لەگەڵ سەرۆکانی ئەورووپا و زێلینسکیش بەیەکەوە کۆببێتەوە.

لەگەڵ گەیشتنی بۆ واشنتن، زێلینسکی گوتی: هیوادارم ئەو هێزە یەکگرتوویەی ئۆکرانیا و ئەورووپا و هاوپەیمانەکانی لە ئەمەریکا، وا لە پوتن بکات، بە ئاشتی ڕازیی بێت.

لە پەیامێکی(ئێکس) دا، لەنێو فڕۆکەکەی کە بەرەو واشنتن بەڕێ کەوتبوو، سەرۆکی ئۆکرانیا نووسیویەتی: ئێمە باوەڕمان بە سەرۆکی ئەمەریکا هەیە، بۆیە داوای لێ دەکەین بەزووترین کات کۆتایی بەو جەنگە بێنێت.