خارکیڤ.. لە ئەنجامی هێرشی ئاسمانیی ڕووسیا سێ کەس کوژران

دیمەنی بۆمبارانەکەی ئەم بەیانییەی خارکیڤ
دیمەنی بۆمبارانەکەی ئەم بەیانییەی خارکیڤ

لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانیی ڕووسیا بۆ سەر ناوچەیەکی نیشتەجێبوون لە خارکیڤ سێ کەسی کوژران، کە یەکێکیان منداڵێکی تەمەن دوو ساڵان بوو و 17 کەسی دیکەش بریندار بوون.

دووشەممە، 18ـی ئابی 2025، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز، لە زاری بەرپرسانی سەربازیی ئۆکرانیاوە بڵاوی کردەوە "بەرەبەیانی ئەمڕۆ، ڕووسیا هێرشێکی ئاسمانیی کردە سەر خارکیڤ و لە ئەنجامدا سێ کەس کوژران، کە یەکێکیان منداڵێکی تەمەن دوو ساڵان بووە و 17 کەسی دیکەش بریندار بوونە. ئەم هێرشە لە کاتێکدایە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا فشار لە کیێڤ دەکات بۆ ئەوەی ڕێککەوتنێکی خێرا لەگەڵ ڕووسیا بکات بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگی نێوانیان."

ئۆلییه سینێهوبۆڤ، پارێزگاری هەرێمی خارکیڤ، لە  تۆڕی کۆمەڵایەتیی تێلێگرام ڕایگەیاند "بەرەبەیانی ئەمڕۆ، دووشەممە، هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سێ هاووڵاتی سڤیلی کوشت، ئەمەش دوای ئەوەی ڕووسیا شەوی ڕابردوو بە مووشەکی بالیستی هێرشی کردە سەر خارکیڤ." 

سینێهوبۆڤ، ڕاشیگەیاند "ژمارەی بریندارانی هێرشەکەی سەر خارکیڤ بەردەوام لە زیادبووندایە."

ئیهۆر تێرێخۆڤ، سەرۆکی شارەوانیی خارکیڤ، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوی کردەوە "لە هێرشەکەی ئەم بەیانییەدا، سێ کەس کوژراون و 17 کەسیش بریندار بوون، لەنێویاندا شەش منداڵ هەن کە تەمەنیان لە نێوان شەش بۆ 17 ساڵیدایە."

خارکیڤ، دەکەوێتە باکووری ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا لە نزیک سنووری ڕووسیا، لە سەرەتای جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیاوە، بەردەوام بووەتە ئامانجی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکیی ڕووسیا.

پەیامنێری ڕۆیتەرز، ئەم بەیانییە، پزیشک و پەرستارانی بینی لەسەر یەکێک لە شەقامەکانی شارەکە، خەریکی چارەسەرکردنی بریندارانی بۆمبارانەکە بوون تیمەکانی فریاگوزاریش لە ژێر داروپەردووی خانووە ڕووخاوەکاندا بە دوای ڕزگاربوواندا دەگەڕان.

ڕۆیتەرز، نەیتوانیوە بە شێوەیەکی سەربەخۆ جۆری ئەو چەکانەی ڕووسیا لەو بۆمبارانەدا بەکاری هێناوە پشتڕاست بکاتەوە. تا ئێستاش  هیچ لێدوانێکی فەرمی دەربارەی ئەو بۆمبارانە، لە مۆسکۆوە ڕانەگەیەنراوە. 

سەرۆک دۆناڵد ترەمپ، کە ڕۆژی هەینیی ڕابردوو میوانداریی سەرۆک ڤلادیمیر پوتنی لە ئالاسکا کرد بۆ گفتوگۆکردن لەسەر کۆتاییهێنان بە شەڕەکە، داوای لە کیێڤ کردووە لەگەڵ مۆسکۆ ڕێک بکەوێت.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment