نەیجیریا.. بەهۆی وەرگەڕانی بەلەمێک 40 کەس بێسەروشوێن بوون

فریاکەوتنی نەیجیریا ڕایگەیاند، بەلەمێک لە ویلایەتی سۆکۆتۆ لە باکووری ڕۆژئاوای وڵاتەکە وەرگەڕاوە و زیاتر لە 40 کەس بێسەروشوێن بوون.
ئاژانسی فریاکەوتنی نەیجیریا ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە تێیدا هاتووە، لە ویلایەتی سۆکۆتۆ بەلەمێک 50 سەرنیشینی هەڵگرتبوو، وەرگەڕاوە، 10 کەس ڕزگارکراون، 40 سەرنشینی دیکە بێسەروشوێنن.
لە وەرزی باراندا ڕووداوی وەرگەڕان و نقومبوونی بەلەم لە ئاوەکانی نەیجیریا ڕوودەدات، ئەمەش بەهۆی قەرەباڵغی هاتوچۆی بەلەمەکان و دروستبوونی لافاوە لە دەریاچە و ڕووبارەکان.
دوو ڕۆژ لەمەوبەر لە ویلایەتی نیجەر بەهۆی ڕووداوێکی دیکەی نقومبوونی بەلەمێکەوە لانیکەم 13 کەس گیانیان لەدەستدا.
لە 29ـی تەممووزی ڕابردوودا، دوای ئەوەی شەش کچ لە ویلایەتی جیگاوا بە بەلەمێک دەچوونە سەر کار لە کێڵگەکانی ناوچەکە، بەلەمەکەیان نقوم بوو و خنکان.
لە ساڵی ڕابردوودا، 16 جووتیار لە ڕووداوێکی هاوشێوەدا گیانیان لەدەستدا، کاتێک بە بەلەمێکی دار دەچوونە سەر کێڵگەکانی برنج.