لاریجانی: ئێران لەوپەڕی هێزدا دانووستان دەکات
عەلی لاریجانی، ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران، ئاشکرای دەکات، دوای جەنگی 12 ڕۆژەیان لەگەڵ ئیسرائیل، وڵاتەکەی کاری لەسەر بونیاتنانەوەی هێزە سەربازییەکانی کردووە.
لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزۆنیدا، لاریجانی ڕایگەیاند: ئێستا هێزە سەربازییەکانیان لەوپەڕی ئامادەباشیدان، دەشڵێت: پاش ئەوەی لە جەنگی 12 ڕۆژەمان لەگەڵ ئیسرائیل بۆمان ئاشکرا بوو، کارمان لەسەر خاڵە لاوازەکانی سووپا کردووە.
لەبارەی دانووستانەکان سەربارەت بە پرۆژەی ئەتۆمیی، لاریجانی ڕایگەیاند: دانووستانەکان تەکتیکی دیپلۆماسین، ڕەنگە زۆرجار ئەرکیش بێت، بەڵام ئەوەی لە هەموو شتێک گرنگترە ئەوەیە، لەوپەڕی هێزدا ئێمە دانووستان دەکەین.
لاریجانی دووپاتی ئەوەی کردەوە، ئێران ڕازی نابێت لەسەر بنەمای هێز، کاتێکی دیارکراوی بۆ دانووستانەکان بۆ دابندرێت، ئاماژەی بە فشارەکانی وڵاتانی ڕۆژئاواش کرد کە وا دەکەن دانووستانەکان خێرا بکرێن.
سەبارەت بە کێشەکانی لوبنانیش، لاریجانی ئاماژەی بەوە کرد، ئەوەی لە لوبنان ڕوو دەدات، پرسێکی ناوخۆییە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لەگەڵ گەلی لوبنان دەوەستن، دەڵشڵێت: هەموو بڕیارێک لەدەستی گەلی لوبنان خۆیاندایە.
جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێران، بەرەبەیانیی ڕۆژی هەینی، 13-06-2025، دەستی پێ کرد، کاتێک ئیسرائیل بە زیاتر لە 200 فڕۆکەی جەنگی دەیان بارەگای سەربازی و بنکەی ئەتۆمی لە تاران و چەندان شوێنی دیکەی ئێرانی بۆمباران کرد، هاوکات ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای سەربازی و زانای ئەتۆمی کوشت.
ئێرانیش لە وەڵامی هێرشەکانی ئیسرائیلدا، بۆ ماوەی 12 ڕۆژ، تەلئەڤیڤی پایتەخت و چەندان شوێنی دیکەی ئیسرائیلی بە مووشەکی بالیستی بۆمباران دەکرد.