کوردێک کاندیدی ئەنجوومەنی 'پێکەوەژیان'ـی هەرێمێکی ئەڵمانیایە؛ "دەنگی پەنابەران دەگەیەنم"

لە هەرێمێکی ئەڵمانیا ژمارەیەک هەڵبژاردن دەکرێن و گەنجێکی کوردی ئێزدیش لە کۆڵن خۆی بۆ ئەنجوومەنی پێکەوەژیان کاندید کردووە.

لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکان لە هەرێمی 'نۆراین وێستفالن' لە ئەڵمانیا کە بڕیارە مانگی داهاتوو بەڕێوەبچێت، گەنجێکی کوردی ئێزدی بە ناوی 'هەلمەت هادی'، خۆی بۆ ئەنجوومەنی 'پێکەوەژیان'ـی شاری کۆڵن کاندید کردووە. ئەم هەنگاوە وەک دەرفەتێکی گرنگ بۆ بەشداریی سیاسیی زیاتری کوردان و پەنابەران لە ئەڵمانیا سەیر دەکرێت.

هەلمەت، گەنجێکی تەمەن 25 ساڵە و لە تەمەنی سێ ساڵییەوە لەگەڵ خێزانەکەی لە شاری کۆڵن نیشتەجێیە. ئەو وەک یەکەم هەوڵی سیاسیی خۆی، بە ئامانجی نوێنەرایەتیکردنی کێشە و داواکارییەکانی کۆمەڵگەی پەنابەران و بەتایبەتی کوردان، چووەتە نێو کێبڕکێی هەڵبژاردنەوە.

ئەنجوومەنی پێکەوەژیان وەک پردێک لە نێوان پەنابەران و دەسەڵاتدارانی ناوخۆیی کار دەکات و دەنگی پەنابەران دەگەیەنێتە دامەزراوە حکومییەکان.

هەلمەت بە شەوقی کانەبی، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند "ئەم ئەنجوومەنە بە دیاریکراوی دەرگایەک بۆ پەرلەمانی ئەڵمانیا دەکاتەوە. ئەندامانی ئەنجوومەنەکە هەفتانە پەیوەندییان لەگەڵ ئەندامانی پەرلەماندا دەبێت و هەر شتێک لەم ئەنجوومەنەدا بنووسرێت و بڕیاری لەسەر بدرێت، دەیگەیەننە ئەوێ."

هاووڵاتییانی کوردی نیشتەجێی کۆڵن بە گرنگییەوە لەم هەنگاوە دەڕوانن و بەشداریی گەنجانی کورد لە کایەی سیاسیدا بە فاکتەرێکی گرنگ بۆ داهاتووی ڕەوەندی کوردی لە ئەڵمانیا وەسف دەکەن. بە بڕوای ئەوان، بوونی نوێنەری کورد لەم جۆرە ئەنجوومەنانەدا دەبێتە هۆی گەیاندنی باشتر و ڕاستەوخۆتری کێشە و داواکارییەکانیان.

سەنگەر هەنارەیی، دانیشتووی کوردی کوڵن، ئاماژە بەوە دەدات "کاتێک تۆ وەک پەنابەرێک، کەسێکی کورد، کەسێک لە خۆت هەڵدەبژێریت بۆ ئەوەی دەنگەکانی تۆ بگەیەنێت، بۆ ئەوەی خەمەکانی تۆ بگەیەنێت، دواتر کاریگەری دەبێت لەسەر ڕێنماییەکان. ئەو ڕێنماییانەش کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر ژیانی تۆ دەبێت."

هەلمەت خەڵات، دەستی بە هەڵمەتی هەڵبژاردن کردووە و لەنێو بازاڕ و شوێنە گشتییەکانی کۆڵندا بانگەشە بۆ خۆی دەکات، بە ئامانجی بەدەستهێنانی متمانە و دەنگی هاووڵاتییانی شارەکە.

بەدران، دانیشتوویەکی دیکەی کۆڵنە و لەبارەی کاندیدکردنی هەلمەت، باس لەوە دەکات "من لەگەڵ ئەوەم هەلمەت هەڵبژێرین. ئەو زۆر پشتیوانی لە گەنجان دەکات. ڕۆژانە لە ناوچەکەمان دەیبینم، هەمووان خۆشیان دەوێت و ڕێزی لێ دەگرن. دڵێکی گەورەی هەیە و تا بتوانێت هاوکاریی خەڵک دەکات."

 
 
Fly Erbil Advertisment