لە سلێمانی پڕۆژەیەکی ستراتیژیی ئاو جێبەجێ دەکرێت

بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕەزامەندی لەسەر تەرخانکردنی نزیکەی 300 ملیۆن دینار داوە بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەیەکی ستراتیژیی ئاو لە شاری سلێمانی، کە هاوشێوەی پڕۆژەی ئاوی هەولێرە و بەمنزیکانە کاری تێدا دەکرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە، 18ـی ئابی 2025، ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕایگەیاند، پڕۆژەیەکی هاوشێوەی پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر بەناوی 'هێڵی دوکان سلێمانی' لە شاری سلێمانی جێبەجێ دەکرێت.
بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەدا، بودجەی پڕۆژەکە 293 ملیۆن دینارە و توانای دابینکردنی 20 هەزار مەتر سێجا ئاوی لە کاتژمێرێکدا دەبێت بۆ شارەکە. بە گوتەی ئاری ئەحمەد، ڕەزامەندی بۆ پڕۆژەکە وەرگیراوە و بڕیارە لە ماوەیەکی نزیکدا بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ئامانجی سەرەکیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان چارە کردنی کێشەی ئاوە بۆ هاووڵاتییان لە ڕێگەی پڕۆژەی ستراتیژییەوە. ئاری ئەحمەد ڕوونی کردەوە: "دەمانەوێ بە هاوشێوەی شاری هەولێر کێشەی ئاو لە سلێمانیش چارە بکرێت."
بەڕێوەبەری ئاوی هەرێمی کوردستان جەختی کردەوە، کار بۆ ئەوە دەکرێت لە چەند ساڵی داهاتوودا ڕێژەی دابینکردنی ئاو لە ڕێگەی پڕۆژە ستراتیژییەکانەوە بگاتە نزیکەی سەدا 80ـ ئەمەش بە مەبەستی گۆڕینی سەرچاوەی ئاو لە ئاوی ژێرزەوییەوە بۆ ئاوی سەرزەوی، کە یارمەتیدەر دەبێت بۆ پاراستنی سامانی ئاوی ژێرزەوی بۆ نەوەکانی داهاتوو.
کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دەستی بە جێبەجێکردنی چەندان پڕۆژەی ستراتیژیی دیکەی ئاو کردووە، لەوانە پڕۆژەکانی ئاوی هەولێر، چەمچەماڵ، بارزان، ئاکرێ، بەردەڕەش و دەربەندیخان. ئەم هەنگاوانە بەشێکن لە پلانێکی گشتگیر بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و پاراستنی ئاسایشی ئاو لە هەرێمی کوردستان.