عێراق و ئەمەریکا دووپات لە چارەسەرکردنی کێشەی کۆمپانیاکانی نەوت دەکەنەوە
فوئاد حوسێن و هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵوێزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا گفتوگۆیان لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان و پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات کرد.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە، فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق، پێشوازیی لە ستیڤن ڤەیگن، هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵوێزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا کردووە، لە دیدارەکەشدا، هەردوولا دووپاتیان لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات کردووەتەوە، بەتایبەتیش ئەوەی پەیوەندی بە هەماهەنگیی ئەمەریکا و عێراق هەیە لەبارەی ڕۆڵی کۆمپانیاکانی ئەمەریکا کە لەبواری نەوتدا لە عێراق کار دەکەن، لەگەڵ ئەوەشدا، گفتوگۆیان لەبارەی ئەو کێشە و ئالنگارییانە کردووە کە لەبەردەم کۆمپانیاکانی نەوتە لە هەرێمی کوردستان، لەگەڵ میکانیزمەکانی چارەکردنی کێشەکان کە دەرفەت دروست دەکات، جارێکی دیکە هەناردەکردنەوەی بەرهەمی نەوتی کێڵگەکانی کوردستان بۆ بەندەری جەیهانی تورکی دەست پێبکاتەوە.
پێشتر فوئاد حوسێن گوتبووی "ئێستا لێکتێگەیشتنێکی ڕوون هەیە بۆ گەیشتن بە چارەسەرێک بۆ بابەتی ڕادەستکردنی نەوت، گوتبووی: ئەمە چارەسەریی کاتییە، ئەم چارەسەرە تا کۆتایی ساڵە، واتە چارەسەرێکە تا کۆتایی ئەمساڵ و پشت بە دوو سەرچاوەی یاسایی دەبەستێت، ئەوانیش یاسای بودجەی ئێستا و بڕیارەکانی دادگای فیدراڵیین، کەواتە لە ساڵی داهاتوودا دەبێت بە شێوەیەکی دیکە چارەسەر بکرێت."