لە سۆران پرۆژەیەکی گەشتیاریی کرایەوە

بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی سۆران ڕایگەیاند، لە سنووری ئیدارەی سۆران پرۆژەی گەشتیاریی 'ڕووپەسەند' کرایەوە، کە دەڕوانێتە سەر ڕووباری جوندیان و سەدا 90ـی ڕووبەرەکەی سەوزاییە.

ئەمڕۆ دووشەممە، 18ـی ئابی 2025، دلۆڤان عومەر، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی سۆران، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕایگەیاند، کۆمەڵگەی گەشتیاریی 'ڕووپەسەند'  پڕۆژەیەکی گەشتیارییە لەسەر ڕێگەی سۆران – جوندیانە، لە 35 یەکەی گەشتیاری مۆتێل بە ڕووبەری جیاواز، 10 کۆشکی فرۆشیاری و نۆ کەپری دانیشتن پێکدێت.

بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی سۆران دەڵێت: سەردانیکردنی گەشتیاران بۆ نێو پرۆژەکە بێبەرامبەرە، بەڵام ڕەنگە لە داهاتوودا بڕیاری نوێ لەو بارەیەوە دەربچێت.

دەشڵێت: لە پرۆژەکەدا ڕێستۆرانت، سوپەرمارکێت، سەنتەری وەرزشی، باڵەخانەیەکی سێ نهۆمی، شوێنی یاری منداڵان، باخچە و ناوچەی سەوزایی، یەکەی چارەسەری ئاوەڕۆ، شوێنی خزمەتگوزاری و پارکینگی مۆدێرن دروستکراون.

دلۆڤان عومەر، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی سۆران ئاماژەی بەوەش دا، سەدا 90ـی پڕۆژەکە سەوزاییە و ڕەچاوی کوالێتییەکی بەرزی ژینگەپارێزی کراوە.

 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment