دیلان ڕواندزی: پلەکانی گەرما دادەبەزن و ئەگەری باران بارین هەیە
گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن ڕایدەگەیەنێت: لە ئەمڕۆوە پلەکانی گەرما دادەبەزن و ئەگەری هەیە هەفتەی داهاتوو، لە ناوچە شاخاوییەکانی کوردستان بارانێکی کەم بۆ کاتێکی کورت ببارێت.
دووشەممە 18ـی ئابی 2025، دیلان ڕواندزی، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ئەمڕۆ کاریگەریی خۆڵبارین لەسەر هەولێر و هەرێمی کوردستان کۆتایی دێت، دەشڵێت: سەرچاوەی خۆڵبارینەکە باکووری خۆرئاوای عێراق بووە کە ڕووی لە هەرێمی کوردستان کردووە.
گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن ئاماژەی بەوە کرد، پلەکانی گەرما لە ئەمڕۆوە نزم دەبنەوە، دەڵێت: پلەکانی گەرما لە بەیانی و ئێوارەدا، دوو بۆ سێ پلە نزمتردەبن لەگەڵ پلەی گەرمی لە نیوەڕۆدا، پێشبینیش دەکرێت هەفتەی داهاتوو پلەکانی گەرما لە ناوچە شاخاوییەکان زیاتر دابەزن، سەرباری ئەوەی لە هەندێ ناوچە، هەور و نیمچە هەور دروست دەبێت، پێشبینی بارینێکی کەمیش لە ناوچەکە شاخاوییەکان بۆ ماوەیەکی کورت هەیە.
هەر ئەمڕۆ دووشەممە 18ـی ئابی 2025، بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێم، کەشى پێشبینیکراوى 48 کاتژمێرى داهاتووی بڵاو کردەوە، بەپێێ پێشبینییەکان، ئەمڕۆ دوو شەممە 18-08-2025، ئاسمان ساماڵ دەبێت، لەگەڵ بوونی تۆزیکی سووک بەتایبەتی لەناوچەکانی باشووری هەرێم. پلەکانی گەرماش کەمێک نزم دەبێتەوە بە( 1-2 ) پلە بەراوورد بە تۆمارەکانی دوێنێ.
سبەى سێشەممە 19-08-2025، کەشوهەوا بەم شێوەیە دەبێت:
ئاسمان ساماڵ دەبێت و پلەکانی گەرما نزیک دەبێتەوە بەراوورد بە تۆمارەکانی ئەمڕۆ.
هەولێر : 42 پلەی سیلیزی
سلێمانی : 40 پلەی سیلیزی
دهۆک : 40 پلەی سیلیزی
کەرکوک : 43 پلەی سیلیزی
زاخۆ : 41 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە : 42 پلەی سیلیزی
سۆران : 40 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران : 30 پلەی سیلیزی
