ئێران.. کێشەی حیجاب لە نێوان ئوسوڵگەرایان و ڕیفۆرمخوازاندا

ناسر قەوامی، نوێنەری پێشووی پەرلەمانی ئێران، لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی ڕویداد24، بەرانبەر بە مشتومڕی ئەم دواییەی لێدوانەکانی پارێزگاری مازەندەران لەسەر پرسی حیجاب، گوتی: دەبێت کاری سەرەکیی حکوومەت دابینکردنی بژێویی خەڵک بێت، نەک سەپاندنی حیجاب یان خەرجکردنی پارەی بەیتولمال لە وڵاتانی دیکەدا.
چیرۆکی ئەم مشتومڕە نوێیەی نێوان ڕیفۆرمخوازن و ئوسوڵگەرایان، لە ڕێوڕەسمی ڕۆژی ڕۆژنامەنووس، 8ـی ئاب، لە پارێزگای مازەندەرانەوە دەستی پێ کرد. مەهدی یوونسی-ڕۆستەمی، پارێزگاری مازەندەران، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ڕۆژنامەنووسانی پارێزگاکە، ئاماژەی بە کێشە بژێوییەکانی خەڵک کرد و گوتی: تا خەڵک برسی بێت، باوەڕم بە حیجاب نییە." هەرچەندە ئەم گوتانە هەمان ستراتیجیی حکوومەتی پزیشکیانە بەرانبەر مەسەلەی حیجاب، بەڵام دەربڕینی ڕاشکاوانەی، شەپۆلێک لە ناڕەزایەتیی لایەنگرانی بەرەی پایەداریی 'ئوسوڵگەرا' لە میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا لێ کەوتەوە.
هێرشی ئوسوڵگەرایان بۆ سەر پارێزگاری مازندەران
موجتەبا زارعی، نوێنەری بەرەی پایەداری، لە پەرلەمانی ئێران، بە زمانێکی توند، کارمەندانی پارێزگای هان دا دژی پارێزگار بوەستنەوە و ڕایگەیاند "ئەگەر من دەرگەوانی پارێزگای مازەندەران بوومایە، ڕێگەم نەدەدا پارێزگار بێتە ژوورەوە!"
هاوکات، حەمید ڕەسایی، ئەندامێکی دیکەی بەرەی پایەداری، بە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆ و تویت، بە توندی هێرشی کردە سەر پارێزگار و لەگەڵ هەڕەشەی لابردنی لە پۆستەکەیدا، نووسی" یوونسی، بەبێ هیچ ئەزموونێکی بەڕێوەبردن، بەرپرسی بژێویی خەڵکە و باوەڕی بە حیجاب نییە لە کۆمەڵگەیەکی برسیدا! دەبێ بزانێت خەڵکیش متمانەیان بە تۆی پارێزگار نییە!"
محەممەد مەنان ڕەئیسی، نوێنەرێکی دیکەی نزیک لە بەرەی پایەداری، ڕایگەیاند "پارێزگاری مازەندەران بە فەرمی حوکمی یەکلاکەرەوەی شەرع ئینکار دەکات. باشە قبووڵە، ئێوە و بەرپرسانی تر، ڕێک وەک حکوومەتە سێکولارەکان تەنها بەرپرسی بژێویی خەڵکن! تەنیا بفەرموون بۆچی توانای ئەم کارەشتان نییە و بۆچی کارێکتان کردووە کە بژێویی خەڵک هێندە خراپ بووە کە لە هەموو ساڵانی دوای شۆڕشدا وێنەی نەبووە؟"
ئەم ڕەخنانە لە کۆتایی هەفتەدا و لە وتارەکانی نوێژی هەینیدا گەیشتنە لوتکە. عەلی سەعیدی، سەرۆکی نووسینگەی عەقیدەتی-سیاسیی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان و یەکێک لە وتارخوێنانی نوێژی هەینی نزیک لە توندڕەوەکانی بەرەی پایەداری، لە وتارەکانیدا بەبێ ناوبردنی یوونسی، گوتی: ئەمە چ پارێزگارێکە دەڵێت من حیجاب قبووڵ ناکەم؟ تۆ ناتوانیت حجاب قبووڵ نەکەیت.. ئەمە حوکمی خودایە. کەسانێک هاتوون لە شوێنی دەسەڵاتی جێبەجێکردندا دانیشتوون و بنەما و حوکمەکانی خودا قبووڵ ناکەن و گاڵتەی پێ دەکەن!"
بۆچی پارێزگاری مازەندەران پاشەکشەی کرد؟
بەردەوامبوونی هێرشەکان، یوونسی-ڕۆستەمیی ناچار بە پاشەکشە کرد. ناوبراو لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە دژی حیجاب نییە و تەنها جێبەجێکردنی پەسەندکراوی حیجاب لە بارودۆخی ئێستادا بە گونجاو نازانێت و گوتی: جێبەجێکردنی یاسای حیجاب لە کاتێکدا کە خەڵک کێشەی بژێوی و هەڵاوسانی هەیە، دەبێت بە وردبینییەکی زیاترەوە تاوتوێ بکرێت.
ئەو جەختی کردەوە کە گوتەکانی لە ڕێوڕەسمی ڕۆژی ڕۆژنامەنووسدا بە هەڵە لێکدراونەتەوە و مەبەستی ئەو کات و چۆنییەتی جێبەجێکردنی یاسا نوێیەکەی پشتگیریی خێزان بووە، نەک ڕەتکردنەوەی بنەمای حیجاب.
ناسر قەوامی، ئەندامی فراکسیۆنی ڕۆحانییەت لە خولەکانی پێشووی پەرلەمانی ئێران، کە لە کارنامەی خۆیدا، پۆستی دادوەریی دیوانی باڵا، حاکمی شەرع و ئەندامییەتیی ستادی جێبەجێکردنی فەرمانی ئیمامی هەبووە، پێیوایە لێدوانەکانی پارێزگاری مازەندەران نەک هەر کێشەی شەرعیی نەبووە، بەڵکوو دەبێت ئەم هەڵوێستە لە بارودۆخی ئێستادا لە کارنامەی هەموو بەرپرسانی وڵاتدا بێت.
ڕەزاخان نەیتوانی، ئێمەش ناتوانین حیجاب بە زۆر بەسەر خەڵکدا بسەپێنین
قەوامی لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی ڕویداد24، گوتی: کێشەی حیجاب بە زۆر و زۆرەملێ چارە ناکرێت.
ئەو، بە ئاماژەدان بە پاشخانی مێژوویی بابەتی حیجاب لە سەردەمی ڕەزاخاندا، گوتی: هەروەک چۆن ڕەزاخان نەیتوانی بە زۆر و زۆرەملێ هەموو ژنانی ئەم خاکە بێحیجاب بکات، ئێمەش سەرکەوتوو نابین لەوەی بە زۆر حیجاب بەسەر خەڵکدا بسەپێنین.
قسەی ئوسوڵگەرایان تەنیا بۆ خۆ دەرخستنە
ئەم نوێنەرەی پێشووی پەرلەمان، بە ئاماژەدان بە هێرشی ئوسوڵگەرایان و بەرەی پایەداری بۆ سەر سیاسەت و کارە سەرەکییەکانی حکوومەت و هەوڵەکانیان بۆ لێپرسینەوە لە وەزیر و سەرۆککۆمار، گوتی: گرنگ نییە ئەندامانی بەرەی پایەداری و ڕەسایی و هاوشێوەکانی چی دەڵێن. ئەوان چاوەڕێی فەرمان دەکەن؛ ئەگەر فەرمانەکە لێپرسینەوە بێت، بەدوایدا دەچن و ئەگەریش نا، بابەتەکە لەبیر دەکەن؛ قسەی ڕەسایی و هاوشێوەکانی تەنیا بۆ خۆدەرخستنە!
قەوامی گوتیشی: سەرچاوەی گرانی و هەڵاوسان و کێشە بنەڕەتییەکانی بژێویی ئەمڕۆی وڵات، پزیشکیان یان پارێزگار نین؛ سەرچاوەی گرانی، ستراتیجە گشتییەکانی وڵاتە لە دەیەکانی ڕابردوودا و ئەگەر خوازیاری چارەکردنی کێشەکانین، دەبێت پێداچوونەوە بەو ستراتیجییانەدا بکەین.
تا خەڵکی خۆمان برسی بێت، نابێت بە جانتا پارە بۆ حووسییەکان بنێرین
ئەم نوێنەرەی پێشووی پەرلەمان جەختی کردەوە "دەبێت کاری سەرەکیی حکوومەت چارەکردنی کێشە بژێوییەکان بێت و نابێت پرسی حیجاب و تەنانەت پرسی پشتگیریکردنی وڵاتانی موسڵمانی ناوچەکەش کێشە بۆ ئەم کارە دروست بکەن."
قەوامی ئاماژەی بەوەش کرد "تا ئەو کاتەی خەڵک بێکارە و گرانی پشتی گەلی شکاندووە، نابێت ئەولەوییەتمان ئەوە بێت کە دۆلارەکانمان بۆ خەڵکی غەززە و لوبنان و حووسییەکان خەرج بکەین. بەپێچەوانەوە، ڕێگریکردن لە چوونەدەرەوەی سەرچاوەکانی بەیتولمال بە مەبەستی خەرجکردنی لە هەندێک وڵاتی موسڵمانی ناوچەکە، دەبێت کاری سەرەکیی حکوومەت بێت."
قەوامی گوتی: بەداخەوە ئێمە 30 ساڵ پارەکانی بەیتولمالمان لە سووریا خەرج کرد، بەڵام لە کۆتاییدا هەموو ئەو پارانە بە فیڕۆ چوون. ئەمڕۆ دەبێت ئوسوڵگەرایان وەڵام بدنەوە کە بۆچی ڕێگەیان دا ئەو هەموو پارەیە بەفیڕۆ بچێت و ئەو هەموو گەنجە ئێرانییە لە وڵاتانی ناوچەکەدا شەهید ببن؟ ئەوان کە دەیانگوت سووریا پارێزگای ژمارە سی و چەندەمی ئێرانە، کەچی ئەمڕۆ لە بەرانبەر لەدەستچوونی سووریادا بێدەنگییان هەڵبژاردووە.
قەوامی جەختی کردەوە "کاتێک پێویستییەکانی خەڵکی خۆمان دابین نەکردووە، هیچ مانای نییە پارەی بەیتولمال بە جانتا بۆ حووسییەکان و لوبنانییەکان و گەلانی دیکەی ناوچەکە بنێرین."