سەوزکردنی دوو چیاکەی دهۆک؛ هەنگاوێک بۆ زیادکردنی سەوزایی و دابەزاندنی پلەکانی گەرما

دەست بە جێبەجێکردنی پرۆژەی سەوزکردنی چیاکانی 'زاوا' و 'سپی' کە دەوری شاری دهۆکیان داوە، دەکرێت. ئەم پرۆژەیە بە هەنگاوێکی ستراتیژی بۆ فراوانکردنی ڕووبەری سەوزایی و بەخشینی سیمایەکی جوانتر بە شارەکە دادەنرێت.

شاری دهۆک لە نێوان دوو چیادا هەڵکەوتووە، چیای 'زاوا' لە باشوور و چیای 'سپی' لە باکوور. لیژنەیەک بۆ سەرپەرشتی و جێبەجێکردنی پڕۆژەی سەوزکردنی ئەم دوو چیایە پێکهێنراوە و بڕیارە لە نزیکترین کاتدا دەست بە کارەکانی بکات.

کاوە سەبری، بەڕێوەبەری دارستان و پاوانی پارێزگای دهۆک بە بێوار حلمی، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند: "پرۆژەی سەوزکردنی هەردوو چیاکە سوودێکی زۆری بۆ شاری دهۆک دەبێت و گۆڕانکارییەکی گەورە لە ڕێژەی سەوزاییدا دروست دەکات، هەروەها دەبێتە هۆی دابەزاندنی پلەکانی گەرما و پاککردنەوەی هەوای پارێزگاکە."

پێشتر چەندین جار بە هۆکاری جیاواز ئاگر لە دارستانەکانی نێوان هەردوو چیای دهۆک کەوتووەتەوە و بەشێکی زۆری ڕووبەری سەوزایی لەناوچووە. جێبەجێکردنی ئەم پرۆژەیە نەک تەنها ڕووبەری سەوزایی زیاد دەکات، بەڵکو سیمایەکی تایبەتیش بە شارەکە دەبەخشێت. هاوڵاتیانیش جەخت لەسەر پێویستیی هاوکارییان دەکەنەوە بۆ چاودێریکردن و پاراستنی ئەم ناوچە سەوزاییانە.

هۆشیار وەیسی، نوینەرێ شارەوانیی دهوکێ بە پەیامنێری کوردستان24ـی گوت "ئەم دوو چیایەی دهۆک، کە وەک پشتێنێکی سەوز وان بۆ دهۆک، زۆر گرنگە ئەم کارەی تێدا بکرێت، چونکە ئەم چیایانە بەهۆی وشکەساڵییەوە و سووتانەوە، دارستانی تێدا نەماوە. بۆیە پێویستە جارێکی تر ڕێژەی سەوزاییەکەی بۆ بگەڕێتەوە. ڕاستە سەوزکردنی ئێرە ماندووبوونی دەوێت، بەڵام دەبێت هەموو لایەک هەنگاوی بۆ بنێن. دەبێت دەست بەو هەنگاوە بکەین و وردە وردە ڕێژەی سەوزایی بەرز بکەینەوە."

لە دهۆک 145 باخچەی بچووک و 10 پارک هەن. لەگەڵ دروستکردنی دوو پارکی گەورەی ئەلوکا و سەرهەڵدان لە ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی دهۆک، بە تەواوبوونی ئەم پارکانە ڕێژەی سەوزایی لە شارەکەدا بۆ 20% بەرز دەبێتەوە.

 
 
Fly Erbil Advertisment