کوەیت.. بەهۆی خواردنەوەی کحولی دەیان کەس بوونە قوربانی

بەهۆی خواردنەوەی کحول لە کوەیت، 160 کەس ژەهراویبوون و 23 کەسی دیکەش گیانیان لەدەستدا، ئەم ڕووداوەش مشتومڕی زۆری لەو وڵاتە بەدوای خۆیدا هێنا.
دووشەممە، 18ـی ئابی 2025، وەزارەتی تەندروستی کوەیت ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، ژمارەی ژەهراویبوونی ئەوانەی ماددەی کحولیان خواردبوویەوە بەرزبووەتەوە و گەیشتە 160 کەس، هەروەها 23 کەسیش بەوهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە.
وەزارەتی تەندروستی ئاماژەی بەوەش کردووە، هەندێک لەوانەی ژەهراویبوونە لە ژێر چاودێڕی چڕی پزیشکین و هەناسەی دەستکرد و شۆردنی گورچیلەیان بۆ دەکرێت.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، هەموو ئەوکەسانەی بەهۆی خواردنەوەی کحولی ژەهراویبوون، خەڵکی ئاسیان و بە درێژایی 24 کاتژمێر چاودێری دۆخیان دەکرێت.
وەزارەتی تەندروستی داوای لە هاووڵاتیانی کرد، لە خواردنەوەی کحولی دووربکەونەوە و پاریزگاری لە ژیانیان بکەن.
هاوکات وەزارەتی ناوخۆی کوەیت لە پلاتفۆڕمی 'ئێکس' ڤیدیۆی ساتی دەستگیرکردنی 67 کەسی بەتۆمەتی بەرهەمهێنان و دابەشکردنی ماددەی کحول بڵاوکردەوە.