باسم عەوادی: هەوڵدەدەین ناسنامەی قوربانیانی گۆڕی بەکۆمەڵی خەسفە ئاشکرا بکەین
باسم عەوادی، گوتەبێژی حکوومەتی عێراق ڕایدەگەیەنێت: هەموو هەوڵێک دەدەن ناسنامەی قوربانییانی گۆڕی بەکۆمەڵی خەسفە ئاشکرا بکەن.
دووشەممە 18ـی ئابی 2025، باسم عەوادی، گوتەبێژی حکوومەتی عێراقی لە بەیاننامەیەکدا دووپاتی کردەوە، حکوومەتی عێراق پشتیوانیی هەموو هەوڵێکی تەکنیکی و یاسایی دەکات بۆ ئەوەی ناسنامەی قوربانیانی گۆڕی بەکۆمەڵی خەسفە بزانێت.
عەوادی لە بەیاننامەکە ئاماژە بەوە دەکات، دوای چەند ساڵێک لە شکستپێهێنانی داعش، هێشتا پاشماوەی تاوانەکانی دەردەکەون، دەشڵێت: لەگەڵ دەرکەوتنی تاوانێکی دیکەی ئەو گرووپە تیرۆریستییە لە ناوچەی خەسفەی پارێزگای نەینەوا، بۆیان ئاشکرا بووە، ڕووفاتی چەندین کەسی بێتاوانی عێراق لە پێکهاتەی جیاواز، لە گۆڕێکی بەکۆمەڵ دان، ئەمەش وا لە عێراق دەکات، پێداگر بێت لەسەر ئاشکراکردنی ناسنامەی قوربانییەکانی ئەم گۆڕە بەکۆمەڵە و دیکۆمێنتکردنی تاوانەکە.
دوێنێ یەکشەممە 17ـی ئابی 2025، ئەحمەد ئەسەدی، سەرۆکی تیمی هەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکان لە عێراق، تایبەت بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندبوو: قۆناغی یەکەمی هەڵدانەوەی گۆرە بە کۆمەڵەکە لە 10ـی ئابی ئەم ساڵەوە دەستی پێکردووە.
خەسفە، چاڵێکی جیۆلۆجی قووڵە و قووڵییەکەی دەگاتە 150 مەتر و تیرکەشی 110 مەتر دەبێت، دەکەوێتە نزیکەی 20 کیلۆمەتر لە باشووری مووسڵ، یەکێکە لە گەورەترین ئەو گۆڕە بە کۆمەڵانەی کە داعش بە کاری هێنا بۆ شاردنەوەی تەرمی قوربانییەکان لە کاتی کۆنترۆڵکردنی مووسڵ، لە نێوان حوزەیرانی 2014 و تەمموزی 2017.
ئەسەدی ڕوونیشیکردبوەوە، تا ئێستا ژمارەی تەواوی قوربانییان لەم گۆڕە بە کۆمەڵە نەزانراوە، بەڵام پێشتر بەرپرسانی بوارەکە، مەزەندەیان کردبوو، ژمارەکە لە نێوان چوار تا 15 هەزار قوربانی بێت.
باسی لەوەش کردبوو، لە نێو گۆڕەکەدا تەرمی هاووڵاتییانی هەموو نەتەوە و مەزهەبە جیاوازەکان هەن، هەروەها لە نێویاندا کارمەندانی سوپا و دانیشتووانی مووسڵ هەن، کە سەرجەمیان لە لایەن داعشەوە لەسێدارە دراون.