ئەمشەو شاندێکی حکوومەتی هەرێم بۆ یەکلایکردنەوەی پرسی مووچە سەردانی بەغدا دەکاتەوە

دیلان بارزانی پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا ڕایگەیاند، بڕیارە کاتژمێر 11ی ئەمشەو شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی د. ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و د.ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران و هەشت بەڕێوبەری گشتی لە وەزارەتی دارایی و دیوانی چاودێری دارایی سەردانی بەغدا بکەن.
سەرچاوەیەک لەوەزارەتی دارایی عیراق بەکوردستان24 ڕاگەیاند، سبەی سێشەممە 19ی تەممووزی 2025، لەگەڵ شاندەکەی حکوومەتی هەرێم کۆدەبنەوە تاوەکو لەبارەی پرسی داهاتی نانەوتی بگەنە ڕێککەوتن پێش کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، تاوەکو ڕەشنووسی کۆتایی لەبارەی داهاتی نانەوتی ئامادە بکرێت.
ئەم شاندەی حکوومەتی هەرێم سبەینێ پێش دەستپێکردنی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران لەگەڵ وەزارەتی دارایی و دیوانی چاودێری دارایی عیراق کۆدەبنەوە تاوەکو بگەنە ڕێککەوتن و ڕەشنووسەکە بدەنە سەرۆک وەزیرانی عێراق تاوەکو بڕیاری خەرجکردنی مووچەی مانگی شەش بدات.
لای خۆیەوە هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیوویەتی: دوای ئەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پابهندییهكانی له بارهی لێکتێگەیشتنە تەکنیکییەکان بۆ دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوت و ڕادەستکردنی داهاتە نانەوتییەکان جێبهجێ كرد، ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی حکوومەتی عێراقە تاوهكوو سبهی سێشهممه بڕیار لەسەر خەرجکردنی مووچەی مانگی شەشی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بدات.