مه‌سرور بارزانی سه‌ره‌خۆشی له كه‌سوكاری قوربانییانی ئاگره‌كه‌ی هه‌ڵه‌بجه ده‌كات

بەڕێوەبەرایەتیی گشتی بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان ئاماژه به‌وه ده‌كات، لە سەر فەرمانی مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، ڕێبه‌ر ئه‌حمه‌د، وه‌زیری ناوخۆ پەیوەندیی بە پارێزگاری هەڵەبجە كردووه و سه‌ره‌خۆشی سه‌رۆك وه‌زیرانی به كه‌سوكاری قوربانییانی ئاگره‌كه‌ی هه‌ڵه‌بجه پێ ڕاگه‌یاندوون.
دووشه‌ممه، 18ـی ئابی 2025، بەڕێوەبەرایەتیی گشتی بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان بڵاوی كرده‌وه، لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هه‌رێمی كوردستان، بە مەبەستی بەدواداچوونی لێکەوتەکانی ئاگره‌كه‌ی دارستانەکانی هەڵەبجە کە لە دوای نیوەڕۆی یەکشەممە 17ـی ئابه‌وه كه‌وتووه‌ته‌وه و له ئه‌نجامدا تا ئێستا هاووڵاتییەکی خۆبەخش و کارمەندێکی پۆلیسی دارستان گیانیان له‌ده‌ستداوه و زیانێکی زۆر بە سروشت و ژینگەی دەڤەرەکە كه‌وتووه، ڕێبەر ئەحمەد، وه‌زیری ناوخۆی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پەیوەندی بە نوخشە ناسیح، پارێزگاری هەڵەبجە و عه‌مید عابدین عه‌بدولڕه‌حمان محه‌ممه‌د، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی هەڵەبجە كرد و سڵاو و خەمباری سەرۆک وه‌زیرانی هەرێمی کوردستانی پێ گەیاندن و سەرەخۆشی لە خانەواده و كه‌سوكاری هه‌ردوو قوربانییه‌كه كرد.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتی بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان ئاماژه‌ی به‌وه كردووه، ڕێبەر ئەحمەد ئامادەیی هەموو دامەزراوەکانی حکوومەت و وەزارەتی ناوخۆی پیشان دا بۆ بەدەنگەوەچوونی هەڵەبجە و تیمەکانی وەزارەتی ناوخۆی ڕاسپارد کە کاری پێویست بکەن بۆ کوژاندنەوە و کەمکردنەوەی زیانەکان و کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتی بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان گوتووشیه‌تی، وه‌زیری ناوخۆی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دەستخۆشی لە بەڕێوەبەر و ئەفسەر و کارمەندانی بەرگریی شارستانی و پۆلیسی دارستان و تەواوی هێزەکانی دیکەی وەزارەتی ناوخۆ و خۆبەخشان کرد کە دوو ڕۆژە هەموو هەوڵێکیان بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە داوە.