لووتکەی کۆشکی سپی لە بارەی جەنگی ئۆکرانیا

کۆبوونەوەی ئاشکرای نێوان سەرۆکەکانی ئەمەریکا و ئۆکرانیا و سەرکردەکانی ئەورووپا لەبارەی چارەنووسی جەنگی ئۆکرانیا و ڕووسیا دەستی پێکرد، هاوکات دواتر کۆبوونەوەیەکی داخراو و دوور لە چاوی میدیاکان دەکەن.
دووشەممە 18ـی ئابی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە کاتی کۆبوونەوەکەی گوتی: ئەمڕۆ ڕۆژێکی سەرکەوتوومان بەڕێ کرد و گفتوگۆی گرنگمان کرد، هاوکات ئامانجی کۆبوونەوەکان کۆتاییهێنانی جەنگی ئۆکرانیایە.ئاماژەشی دا، هەوڵدەدات کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵی لە نێوان خۆی و پوتن و زێلێنسکی ڕێک بخات.
ڕاشیگەیاند، پێشبینی دەکات پوتن لە ماوەیەکی نزیکدا زیندانییە ئۆکرانییەکان ئازاد بکات. گوتیشی: دەزانم زیاتر لە هەزار زیندانی هەن، و دەزانم کە مۆسکۆ دەیەوێت ئازادیان بکات، ڕەنگە تەنانەت دەستبەجێ ئازادیان بکات، کە بە بڕوای من کارێکی نایاب دەبێت.
ترەمپ پێش کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرکردەکانی ئەورووپا گوتی: ئاگربەستی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا پێویست نییە و دەبێت ڕێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ بکرێت، بەڵام دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرکردەکان ترەمپ ئاماژەی دا، وا دیارە هەموومان ئاگربەستی دەستبەجێمان پێ باشترە تاوەکوو ئاشتییەکی بەردەوام ڕادەگەیەنرێت.
ڕوونیشی کردووە، ڕاگەیاندنی ئاگربەست، دەستبەجێ کوشتن دەوەستێنێت، بەڵام گەشبینە کە ڕێککەوتنی ئاشتی لەنێوان هەر دوو وڵات دەکرێت.
دووپاتیشی کردووە کە ڕووسیا گەرەنتی ئەمنی ئۆکرانیا دەدات، لەگەڵ لایەنەکان هاوڕان کە ڕێککەوتنێک لەسەر ڕاگرتی جەنگ بکەن. باسی لەوەش کرد، دواتر لەبارەی دابەشکردنی خاک گفتوگۆی زیاتر دەکەن.
سەرۆکی ئەمەریکا دەشڵێت: لە ماوەیەکی نزیکدا، ڕەنگە هەفتەیەک یان دوو هەفتەی داهاتوو، دەزانین ئایا ئەو جەنگە کۆتایی دێت یان نا.
ئۆکرانیا
زیلێنسکی، دووپاتی کردووە کە هەموو لایەک دەیەوێت کۆتایی بە جەنگ بێت، هاوکات لەبارەی گەرەنتی ئاسایشی ئۆکرانیا گفتوگۆی زیاتر دەکەن، هەروەها ئاماژەی بە ڕۆڵی گرنگی ئەمەریکا لە بەشداری کردن لە گەرەنتی ئاسایشی ئۆکرانیا کرد و گوتی: ئەوا ئاماژەیەکی بەهێزە بۆ گەرەنتی ئاسایشی ئێمە.
سەرۆکی ئۆکرانیا ئاشکراشی کرد، تاوەکوو ئێستا کۆبوونەوەی ئەمڕۆ باشترین کۆبوونەوە بوویە کە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ کردبێتی.
باسی لەوەش کرد، ئۆکرانیا بە کۆبوونەوەی سێقۆڵی دڵخۆش دەبێت.
ئەڵمانیا
فرێدریک مێرز، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژەی دا، دەیەوێت لە کۆبوونەوەی داهاتوودا، ئاگربەست ڕابگەیەندرێت و کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵی لە نێوان ئۆکرانیا، ڕووسیا و ئەمەریکا بکرێت.
هەروەها مێرز ستایشی ڕۆڵی ترەمپی لە پرۆسەی کۆتاییهێنان بە جەنگەکە کرد و جەختیشی کردووە دەبێت فشارەکان لەسەر ڕووسیا زیاتر بکرێن.
بەریتانیا
کییەر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا لە کۆبوونەوەکەدا ئەوەی خستەڕوو، لە کۆبوونەوەکەدا، باس لە ئاسایشی ئەورووپا، جیهان و بەریتانیا دەکەین نەک تەنیا پرسی ئۆکرانیا، هەر بۆیە ئەمە کۆبوونەوەیەکی زۆر گرنگە.
فەرەنسا
لە کۆبوونەوەکەدا، ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا ڕایگەیاند: هەموومان بژاردەی ئاشتیمان بۆ ئۆکرانیا لە بەردەوامی جەنگ پێ باشترە، هەورەها گەرەنتی ئەمنی بۆ ئۆکرانیا بۆ ئاسایشی هەموو ئەورووپا گرنگە.
هاوکات ئاماژەشی دا، بیرۆکەی کۆبوونەوەی سێقۆڵی نێوان ترەمپ، پوتن و زێلێنسک زۆر گرنگە، ئێمە پێشوازی لێ دەکەین، بەڵام بەر لەوەی ئەو کۆبوونەوە ئەنجام بدرێت دەبێت ئاگربەست لە ئۆکرانیا ڕابگەیەنرێت.
ئیتاڵیا
جۆرجیا مێلۆنی، سەرۆک وەزیرانی ئیتالیا، گوتی: پشتیوانیی لە هەوڵەکانی ترەمپ دەکەین بۆ بەدیهێنانی ئاشتی لە نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا، هەروەها دەبێت جەنگ ڕابگیرێت و دڵنیا بین لەوەی جارێکی دیکە سەرهەڵناداتەوە.
سەرۆک وەزیرانی ئیتالیا، ئاماژەی بەوە کرد، ئامادەن پێشنیازەکانیان بۆ ئاشتی بخەنەڕوو. گوتیشی: دەتوانین پێشکەوتنی بەرچاو بەرەو چارەسەری هەمیشەیی لە ئۆکرانیا بە دەست بهێنین.
هاوپەیمانی ناتۆ
مارک ڕووتە، سکرتێری گشتیی ناتۆ، ڕایگەیاند: سوپاس و پێزانینمان بۆ هەوڵەکانی سەرۆک ترەمپ بۆ مەبەستی ڕاگرتنی جەنگی ئۆکرانیا هەیە.
ئەوەشی ئاشکرا کرد، بەستەڵەکی ناکۆکیی نێوان ترەمپ و پوتن شکا و جارێکی دیکە کۆبوونەوە. هاوکات هیوادارە بە زووترین کات بگەنە ڕێککەوتنی ئاشتی و جەنگی ئۆکرانیا کۆتایی پێ بێت.
یەکێتیی ئەورووپا
هەر لە کۆبوونەوەکە ئورسولا ڤۆندێرلاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا، گوتی: خواستی هاوبەشی ئێمە ئەوەیە بگەینە ڕێککەوتنێکی ئاشتی دادپەروەرانە و بەردەوام لە ئۆکرانیا.
فینلاند
ئەلیکساندەر ستوپ، سەرۆکی فینلاند، ڕایگەیاند: دڵنیام کە دەتوانرێت چارەسەرییەک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا هەبێت.
کۆبوونەوەی سەرۆکەکانی ئەمەریکا و ئەورووپا لە ئەنجامی کۆبوونەوەکەی ڕۆژی هەینی 15ـی ئابی 2025، نێوان ترەمپ و پوتن دێت، هاوکات مەبەست لە کۆبوونەوەکە یەکلاکردنەوەی جەنگی ئۆکرانیایە.


