دایکانی ئاشتی و دیاربەکر و شەممە دەچنە کۆمسیۆنی ئاشتی

پەرلەمانی توکیا
پەرلەمانی توکیا

کۆمسیۆنی ئاشتی ئەمڕۆ پێشوازیی لە دایکانی دیاربەکر و  سبەینێش پێشوازیی لە دایکانی ئاشتی و دایکانی شەممە دەکات.

بەپێی میدیاکانی تورکیا، ئەمڕۆ کۆمسیۆنەکە بە دوو دانیشتن درێژە بە کارەکانی دەدات، یەکەم کۆبوونەوەی بە پێشکەشکردنی وتارێک لەلایەن وەزیر ماهینور ئۆزدەمیر گۆکتاش دەستپێدەکات،  لە دانیشتنی دووەمیشدا گوێ لە دایکانی دیاربەکر دەگیرێت.

دایکانی ئاشتی و دایکانی شەممە، هەروەها دایکانی دیاربەکر، بەوانە دەگوترێت کە ڕۆڵەکانیان لە شەڕی نێوان پەکەکە و تورکیادا گیانیان لەدەستداوە.

یەک لە دایکانی ئاشتی، لەپێناو کۆتایی هێنان بە شەڕ، داوای ئەوەی دەکات هەمووان دەست لەناو دەستی یەکتر بکەن، داواشی لە دەوڵەتی توکیا کرد، کۆمسیۆن تەنیا کار بۆ چەکدانانی پەکەکە نەکات، بەڵکو دان بە  ماف و داخوازیی و دۆزی کوردی بنێت.

ئەو دایکە بۆ کوردستان24 دەڵێت: دەخوازین برایەتی بێتە دی، با گریانی دایکانی کورد و سەربازان بووەستێت، با دەستی خۆمان بخەینە نێو دەستی یەکتر و کۆتایی بە خوێن ڕشتن بێنین، با چیتر جەرگی ئێمەی دایکان نەسووتێت.

دەڵێت: منداڵەکانی ئێمە بێتاوانن، ئەوانەی لەنێو زیندانەکاندان بێتاوانن، با زیندانییەکان ئازاد بکرێن، گوتی: ئێمە داوای مافی خۆمان دەکەین، دەمانەوێت مافەکانمان پێ بدرێت و زیندانیکراوانمان ئازاد بکرێن، داوا دەکەین زمانی کوردی ببێتە زمانێکی فەرمی، چونکە زمانی دایکیی ئێمەیە، ئێمە بەو زمانە هاتووینەتە دونیا، بۆیە دەستبەرداری زمانی خۆمان نابین.

دایکێکی دیکەی ئاشتی، داوای چارەنووسی ڕۆڵەکانیان دەکات و داوا لە دەوڵەتی تورکیا دەکات، کار بۆ ئاشکراکردنی چارەنووسی ڕۆڵەکانیان بکات کە نازاندرێت ماون، یاخود کوژراون، داوای ئازادکردنی تەواوی زیندانیکراونیش دەکات.

ئەو دایکەش بۆ کوردستان24 گوتی: ئەگەر کۆمسیۆن کار بۆ ئاشتی دەکات، با هەوڵ بدات دان بە مافەکانی گەلی کورد بنێت و زیندانیکراوانمان ئازاد بکات، ئەوانەی گیانی خۆیان بەختکرد، لەپێناو ئەوەبوو کورد بە زمانی دایکی خۆی بدوێت، بۆیە دەبێت ئەو مافەی کورد بەدی بێت، ئەگەر ئەو مافانە بۆ کورد بەدی نێت، ئاشتی لە تورکیا نایەتە دی.

دایکانی ئاشتی داوا دەکەن، لە ئایندەیەکی نزیکدا سەردانی ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، عەبدوڵڵا ئۆجەلان بکەن.