زیاتر لە 460 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون لە هەرێمی کوردستان چۆڵن

زیاتر لە 460 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون لەهەرێمی کوردستان چۆڵن، ئەمەش سێ هێندەی ژمارەی کرێنشینانە، لەگەڵ ئەوەشدا ڕێژەی کرێنشینان هەر بەرزە، سکرتێری کۆمەڵەی کرێنشینان دەڵێت، نرخی کرێ چەند هێندە زیادی کردووە، کاریگەریشی لەسەر بازاڕی خانووبەرە هەبووە. 

بەخێرایی شارەکانی هەرێمی کوردستان بە دروستکردنی باڵەخانە و شوێنی نیشتەجێبوون گەورەبوون، کێشەی نیشتەجێبوونی چۆڵیش دروستبووە، ئەمەش کاریگەریی هەیە لەسەر ژیانی خەڵک، لە هەرێم زیاتر لە 460 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون چۆڵن، چونکە ئێستا کەمتر خاوەن موڵکەکان بەکرێی دەدەن، لەگەڵ ئەوەشدا ڕێژەی خانوو و شوقەی چۆڵ زیاترە لە ڕێژەی کرێنشین. 

بەرهەم قەرەداغی، سکرتێری کۆمەڵەی کرێنشینان بەکوردستان24ـی ڕاگەیاند، خاوەن خانوو دەبێت ئەستۆپاکی بکات، یانیش زۆربەی خاوەن خانووەکان خانووەکانیان بەکرێ نادەن، دەشڵێت: کەمترین کرێنەدانی کرێنیشنان لە دوومانگ کەمتر نەبووە، واتە ئەوانەی کرێیان پێنەدرابێت، لە دوو مانگ تاوەکوو 20 مانگمان هەبووە، چونکە جاری واهەیە خاوەن خانووەکان پەیوەندیمان پێوە دەکەن فڵان کرێنیشین 15 تاوەکوو 20 کرێی نەداوە. ئێمەش بەپێی یاسا قسەی لەگەڵ دەکەین.

لەهەرێمی کوردستان زیاتر لە 200 هەزار کرێنشین هەن، نرخی خانووی کرێش چەند هێندە زیادی کردووە هەموو ئەمانەش کاریگەری لەسەر بازاڕی خانووبەرە دروستکردووە.

ئاریان عەبدوڵڵا، خاوەن نووسینگەی خانووبەرە گوتی: کاریگەریی پێدانی مۆڵەتی زۆر بۆ دروستکردنی شوقە ئەوەیە بەبازاڕکردن زۆر دەبێت، کە بە بازاڕکردنیش زۆربوو، کڕین کەم دەبێت.

هەموار نەکردنەوەی یاسای ژمارە 7ـی ساڵی 2008، هۆکارە بۆ زیادبوونی نرخی کرێی خانوو، 253 هەزار یەکەی نیشتەجێبوونی نوێ لەلایەن وەبەرهێنانەوە مۆڵەتی پێدراوە، ڕێژەی خانووی بەتاڵیش سێ هێندەی کرێنشینانە.

 

 
 
Fly Erbil Advertisment