محەممەد حەسسان: کاری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق بەردەوام دەبێت

نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق ڕایدەگەیەنێت، سەرباری ئەوەی ئەمساڵ، کۆتایی بەکارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دێت، بەڵام ڕێکخراوەکە بەردەوامیی بەکارەکانی لەگەڵ گەلی عێراقدا دەدات.

سێشەممە 19ـی ئابی 2025، محەممەد حەسسان، نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە بەغدا ڕایگەیاند: لە 31ـی کانوونی یەکەمی 2025، کۆتایی بە کار و چالاکییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دێت، سەرباری ئەوەش، ئەو بنەمایانەی(یۆنامی) کاری لەسەر دەکات، هەرگیز لە عێراق کۆتایی نایەت، بەڵکو لەگەڵ گەلی عێراقدا بەردەوامیی بەکارەکانی دەدات.

لە بیرەوەری تەقینەوەی ساڵی 2003ـی بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەغدا، کە رێکخراوی تەوحید و جیهاد بە سەرکردایەتی (ئەبو موسعەب زەرقاوی) ئەنجامیدا، محەممەد حەسسان، نوێنەری نەتەوە یەکگرووەکان لە عێراق ڕایگەیاند: چەندین کەسمان لە تەقینەوەکەدا گیانیان لەدەستدا، لەنێو ئەوانیشدا سێرجیۆ فێرا دی میلۆ، نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، هەروەها زیاتر لە 150 کەس برینداربوون، ئەم ڕووداوە، وەچەرخانێک بوو لە مێژووی کاری نەتەوە یەکگرتووەکاندا بۆ ئەوەی بەگشتی پێداچوونەوە بە دۆخەکە بکات لە عێراقدا، بەتایبەتیش لەبارەی دۆخی مافی مرۆڤ، دەشڵێت: تەقینەوەکە زیانێکی گەورەبوو بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان و هەموو عێراق، ئازارێکی لەبیر نەکراوە، ئەوان کارمەندانی ناوخۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان بوون.

شوێنەواری تەقینەوەکەی بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەغدا (2003)-ئەرشیف
سێرجیۆ فێرا دی میلۆ،نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق(ئەرشیف)

وێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، ساڵی ڕابردوو، 310 کارمەندی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لەبواری هاوکاریی مرۆیی کاریان لە غەززە و سوودان کاریان دەکرد، گیانیان لەدەستدا، ئەمەش زیانێکی گەورەبوو بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان.

دەشڵێت: سەرباری هەڕەشەکان، بەردەوامیمان بە هاوکارییە مرۆییەکان لە عێراق داوە، سەرباری ئەوەی کۆتایی ئەمساڵ، نەتەوە یەکگرتووەکان کۆتایی بەکارەکانی دێنێت لە عێراق، بەڵام ئەو بنەمایانەی ڕێکخراوەکە کاری لەسەر دەکات، هەرگیز کۆتایی نایەت و بەردەوامیی بەکارەکانی دەدات لەگەڵ گەلی عێراقدا.
31ـی ئازاری 2024، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بە کۆی ئەندامانی، دەنگی لەسەر بڕیارێک دا، بەپێی ئەو بڕیارە ماوەی کارکردنی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوکاریکردنی عێراق (یونامی) لە 31ـی کانوونی یەکەمی 2025، کۆتایی بە کارەکانی دێنێت، دوای ئەو بەروارە، نێردەکە هەموو کار و چالاکییەکانی ڕادەگرێت.