حکوومەتی عێراقی بڕیارێکی لە بەرژەوەندی قوتابییانی زانکۆی هەولێری پزیشکی دا

پەرلەمانتارێکی کورد لە لیژنەی خوێندنی باڵای ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، حکوومەتی عێراقی فیدراڵ، ڕەزامەندی فەرمی نیشان داوە بۆ دانپێدانان بە کۆلێژی زانستە تەندروستییەکان لە زانکۆی هەولێری پزیشکی.

ئەمڕۆ سێشەممە، 19ـی ئابی 2025، د، نەهلە ئەفەندی، ئەندام پەرلەمانی کورد لە لیژنەی خوێندنی باڵای ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕایگەیاند، بە خۆشحاڵییەوە ڕایدەگەیەنین لە ئەنجامی هەوڵ و کۆششی بەردەوامی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە حکوومەتی عێراقی فیدراڵ، ڕەزامەندی فەرمی نیشان داوە بۆ دانپێدانان بە کۆلێژی زانستە تەندروستییەکان لە زانکۆی هەولێری پزیشکی.

نەهلە ئەفەندی دەڵێت: دانپێدانانەکە بەپێی نووسراوی فەرمی ژمارە (ت.م3/ 9523) بووە کە لە بەرواری 2025،/8/18 دەرچووە و تایبەتە بە ساڵی خوێندنی 2025-2026.

دەشڵێت: ئەم هەنگاوە گرنگە چەندان دەرفەت بۆ دەرچووانی کۆلێژەکە دەڕەخسێنێت، لەوانە؛ دامەزراندن، دەرچووانی یەکەم و دووەم و سێیەمی سەر ئاستی کۆلێژ بێ بەش نابن لە دامەزراندن لە دامەزراوەکانی حکوومەتی فیدراڵ.

ڕاشیگەیاند، خوێندنی باڵا، هەلی وەرگرتنی زەمالەی خوێندنی ماستەر و دکتۆرا کە ساڵانە لەلایەن حکوومەتی فیدراڵەوە ڕادەگەیەنرێت، بەتایبەتی بۆ دانیشتووانی ناوچەکانی سنووری ماددەی 140.