شێواندنی سەیرانگە و ناوچە گەشتیارییەکان بەبێ سزا نابێت

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری زاخۆ بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: هەر گەشتیارێک نووسین لەسەر دیواری شوێنە گەشتیارییەکان بکات، سکاڵای یاسایی لەسەر تۆمار دەکەین و ڕێکاری یاسایی بەرانبەر دەگیرێتە بەر.
ئەشکەوتی بهێرێ ، یەک لە شوێنەوارە هەرە سەرنج ڕاکێش و مێژووییەکانی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆیە، گەشتیارانی زۆری ناوەڕاست و خوارووی عێراق ڕووی تێدەکەن.
دیمەنی سەرنج ڕاکێشی سروشتی و مێژوویی ئەو ئەشکەوتە لەلای چەند گەشتیارێکی ناوەڕاست و بوشووری عێراق، شێوێندراون، دیواری ئەشکەوتەکە هەموو بە پەمپ و سبوغ نووسراون، بەشێک لە گەشتیارانی عەرەبیش، بە دیاردەیەکی ناشارستانیی دەیبینن، دەخوازن ئەو کارە دووبارە نەبێتەوە.
بێوار سندی، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری زاخۆ بۆ کوردستان24 گوتی: هەموو ڕێکارێکی یاسایی بەرانبەر ئەو گەشتیارانە دەگرینە بەر کە نووسین لەسەر دیواری شوێنە گەشتیارییەکان دەکەن، ئەو گەشتیارەی نووسینی لەسەر دیواری ئەشکەوتی بهێرێی سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ کردووە، کارەکەی کردووە و خۆی ون کردووە.
عەبدوڵڵا غەسسان، گەشتیارێکی ناوەڕاست و باشووری عێراقە و بۆ کوردستان24 دەڵێت: ئەشکەوتی بهێرێ، یەک لە شوێنە زۆر جوانەکانی زاخۆیە، ئەو نووسینانەی لەسەر دیواری ئەشکەوتەکە کراون، زۆر ناشرین و ناشارستانین، ئەمە نا شارستانیی بوونی گەشتیاران دەخاتەڕوو، داوا لەو کۆمپانیایانە دەکەین کە گەشتیار دێننە کوردستان، دەست لەو کارە ناشارستانییە هەڵبگرن.
ئالا ئەحمەد، گەشتیارێکی دیکەی ناوەڕاست و باشووری عێراقە، بۆ کوردستان24 گوتی: ئەو شوێنە گەشتیارییانەی فەراهەم کراون، بۆ خزمەتی گەشتیارانە، بەڵام بەداخەوە هەندێک گەشتیار هەن، بەهای ئەو شوێنە گەشتیارییانە نازانن، بەو نووسینانە جوانیی شوێنەکە دەشێوێنن، ئەو شوێنە، کلتوور و مێژوویی ناوچەکەن، پێویستە بە جوانی و پاکی پارێزگارییان لێبکرێت.
مەنال سەلمان، ئافرەتێکی گەشتیاری ناوەڕاست و باشووری عێراقە، بۆ کوردستان24 گوتی: ئەو نووسینانەی لەسەر دیواری ئەشکەوتی بێهێرێ دەکرێت، زۆر ناشارستانییە، ئەو کەسەی نووسینێک لەسەر دیوارێکی شوێنێکی مێژویی و گەشتیاریی دەکات، تەنها نوێنەرایەتی خۆی دەکات نەوەک تەواوی گەشتیاران، ئێمە هاتووین کاتێکی خۆش لەو شوێنانە بەسەر ببەین، لەگەڵ سروشتی جوان و ئاوی ساردی ناوچەکە، چێژ وەردەگرین، ناکرێ سیمای جوانی ئەو شوێنە گەشتیارییانە بشێوێنین.
حەسەن موحسن، خاوەنی شوێنی گەشتیاری لە ناوچەکە بە کوردستان24ـی گوت: ئەو نووسینانە لەلایەن گەشتیارانی ناوەڕاست و باشووری عێراق کراون، لەنێو قەرەباڵغی و بێ ئاگەداری ئێمە بوون، هەوڵ دەدەین ئەو کارە دووبارە نەبێتەوە، هەر حاڵەتێکی دیکە لەلایەن هەر گەشتیارێکەوە دووبارە ببێتەوە، سکاڵا لەسەر ئەو گەشتیارە تۆمار دەکەین.
لەبارەی نووسینی دیواری ئەشکەوتی بێهێرێ، بێوار سندی، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری زاخۆ بۆ کوردستان24 گوتی: هەموو ڕێکارێکی یاسایی بەرانبەر هەر گەشتیارێک دەگرینە بەر، نووسین لەسەر دیواری شوێنە گەشتیارییەکان بکات، ئەو گەشتیارەی نووسینی لەسەر دیواری ئەشکەوتی بێهێرێ کردووە، کارەکەی کردووە و زوو خۆی ون کردووە.
گەشتیارانی ناوەڕاست و باشووری عێراق نەوەک تەنها شوێنە گەشتیارییەکان، بەڵکو نووسینی زۆریان لەسەر دیواری پاڵپشتی شەقامە سەرەکییەکانیش کردووە و شەقامەکانیان ناشرین کردووە، بۆیە بڕیارە دەست بە خاوێنکردنەوەی دیواری ئەشکەوتەکە و هەموو ئەو شوێنانەش بکرێت کە گەشتیاران بە نووسین شێواندوویانە.