ئێران بە گومانەوە دەڕوانێتە کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق

ئەیلوولی داهاتوو گۆڕانی گرنگ لە عێراق و ناوچەکە ڕوو دەدەن

سەرۆکی ناوەندی عەرەبی بۆ توێژینەوەکانی ئێران ڕایگەیاند، هەموو چاوەکان لەسەر مانگی داهاتوو، واتە ئەیلوولن و زۆر کەس پێیانوایە لەو مانگەدا گۆڕانی گرنگ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕوو دەدەن.

سێشەممە، 19ـی ئابی 2025، محەممەد ساڵح سدقیان، سەرۆکی ناوەندی عەرەبی بۆ توێژینەوەکانی ئێران، لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ ئاژانسی "ئیلنا"، هۆکارەکانی کشانەوەی سەربازانی ئەمەریکایی لە بنکەی عەین ئەسەد، شیدەکاتەوە و دەڵێت: بە شێوەیەکی گشتی، ئەم هەنگاوە دەتوانرێت لە دوو گۆشەنیگاوە لێک بدرێتەوە. گۆشەنیگای یەکەم پەیوەندیی بەو لێکگەیشتنانەوە هەیە کە لە نێوان ئەمەریکاییەکان و حکوومەتی عێراقدا، بەتایبەتی حکوومەتەکەی محەممەد شیاع سوودانی، لە ساڵی ڕابردوودا کراون.  بەپێی ئەم ڕێککەوتنانە، بڕیار بوو هێزەکانی ئەمەریکا (کە چەندین جۆری هێزی چەکدار، ڕاهێنەر، ڕاوێژکار، لۆجستی و ئیداری لەخۆدەگرن) پێناسە و جیا بکرێنەوە؛ لەسەر بنەمای لێکگەیشتنەکان، بڕیار درا هێزە شەڕکەر و ئۆپەراسیۆنییەکان، لەگەڵ کەرەستە سەربازییەکانی وەک مووشەک و فڕۆکە، لە عێراق بکشێنەوە؛ بەڵام هێزە ڕاوێژکاریی، ڕاهێنەریی و لۆجستییەکان بۆ پشتیوانیی سوپای عێراق بمێننەوە.

 لە قۆناغی یەکەمدا، بڕیار درا هێزە شەڕکەرەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکانی وەک فڕۆکەخانەی بەغدا و بنکەی عەین ئەسەدەوە بۆ بنکەی حەریر لە هەولێر بگوازرێنەوە. پاشان، بەپێی هەمان ڕێککەوتنەکان، کشانەوەی تەواوەتییان لە ئەیلوولی 2026 دا جێبەجێ بکرێت. ئەمە لایەنی ئاشکرا و فەرمیی بابەتەکەیە کە سەرۆک وەزیرانی عێراق، وەک فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، لێی ئاگەدارە و شاراوە نییە.

پلانی ئیسرائیلی گەورە

سدقیان، لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: بەڵام گۆشەنیگای دووەم، لایەنی شاراوەی بابەتەکەیە. لەم ڕەهەندەدا، گۆڕانە ناوچەییەکان و ئامانجە ستراتیجییەکانی ئەکتەرەکان دێنە ئاراوە. وەک پلانی هاوبەشی ئەمەریکا و ئیسرائیل کە بە پلانی ئیسرائیلی گەورە ناسراوە؛ ناتانیاهۆ چەندان جار باسی ئەو پلانەی کردووە و نەخشەی پلانەکەش کە بڵاو کراوەتەوە، سنوورەکەی لە نیلەوە تا فورات دەگرێتەوە؛ واتە بەشێک لە عێراق، لەوانە نەجەف و کەربەلا.

سەرەڕای ئەمە، ناتانیاهۆ باسی لە "ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ"ش کردووە کە لە ڕاستیدا پەیوەندیی بە هەمان بیرۆکەی ئیسرائیلی گەورەوە هەیە. وڵاتانی عەرەبی (میسر، سعودییە، عێراق، سووریا، لوبنان و ئوردن) هەموویان ئەم پلانەیان سەرکۆنە کردووە. چونکە لە نەخشەی ئیسرائیلی گەورەدا، دوو لەسەر سێی سووریا، هەموو لوبنان، بەشێکی گەورەی عێراق و تەنانەت بەشێک لە میسر و سودانیش جێ کراونەتەوە.

کشانەوەیەکی گوماناوی

ئەمەریکییەکانیش ڕایانگەیاندووە پرۆسەی کشانەوەی هێزەکانیان لە عەین ئەسەد و بەغدا، لە ئەیلوولی داهاتوو تەواو دەبێت؛ ئەم بابەتە بووەتە هۆی زیادبوونی گریمانەکان سەبارەت بە گۆڕانە ئەگەرییەکانی داهاتوو و هەندێک کەس دەڵێن لەوانەیە ئیسرائیل جەنگێکی نوێ دژی ئێران دەست پێ بکات.

ئەم شرۆڤەکارە سیاسییە ڕایگەیاند "هەندێکی تر باس لە ئەگەری ئاژاوەی ناوخۆیی لە عێراق دەکەن؛ پرسی چەکداماڵینی حزبوڵڵا لە لوبنان و هەروەها گفتوگۆ ئەگەرییەکانی ئاشتیی نێوان سووریا و ئیسرائیلیش لەم چوارچێوەیەدا دێنە گۆڕێ. بە شێوەیەکی گشتی، کەشی ناوچەکە پڕە لە ناڕوونی و پرسیاری سەرەکی ئەوەیە ئایا کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق، تەنیا لە چوارچێوەی هەمان لێکگەیشتنەکاندایە یان گۆڕانیی ستراتیجیی بە دواوەیە؟

سدقیان، هەروا گوتی: ڕاستییەکەی ئەوەیە پێشبینیکردنی داهاتوو زۆر دژوارە. ئێستا چەندان کۆنفرانس لە نێوان ئەمەریکا، وڵاتانی ئەورووپی، زێلێنسکی و تەنانەت ترەمپدا لە ئارادایە. ترەمپ خۆی بانگەشەی ئەوەی کردووە کە تا ئێستا شەش شەڕی ڕاگرتووە. هەروەها گوتوویەتی کە بەنیازە شەڕی ئۆکرانیاش کۆتایی پێ بهێنێت و تەنانەت داوای وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیشی کردووە! لەگەڵ ئەوەشدا، هەندێک چاودێر دەڵێن ئیسرائیل چاوەڕێی گڵۆپی سەوزی ترەمپە بۆ دەستپێکردنەوەی شەڕ لەگەڵ ئێران. لە عێراقیشدا سیناریۆی جۆراوجۆر لە ئارادایە کە لە چالاکبوونەوەی داعشەوە تا دروستکردنی پێکدادانی تائیفی دەگرێتەوە، ئەوانە هەموویان دەتوانن ببنە بیانوویەک بۆ مانەوەی دووبارەی ئەمەریکاییەکان.

لە چاوەڕوانی پێشهاتێکی ناڕووندا

سدقیان، ئاماژەی بەوەش کرد "بەپێی ڕێککەوتنەکە، بڕیارە هێزەکانی ئەمەریکا بۆ هەرێمی کوردستان و بنکەی حەریر بگوازرێنەوە، بەڵام تەنانەت ئەم جێگۆڕکێ و کەمکردنەوەی هێزەش کاریگەریی بۆ سەر عێراق دەبێت. ئیسرائیلیش دەستی لە عێراق و سووریا و لوبنانیش هەڵنەگرتووە و وادیارە بەنیازە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی، زۆرترین کەڵک لە بوونی ترەمپ لە کۆشکی سپی وەربگرێت."

  ناتانیاهۆ، بە ڕاشکاوی ڕایگەیاندووە کە دەبێت ڕێگەی بەدیهێنانی ئیسرائیلی گەورە درێژە پێ بدرێت و بۆ ئەمەش بەڵگە ئایینی و تەوراتییەکان بە پاساو دەهێنێتەوە. تەنانەت لە ناوخۆی ئەمەریکاشدا، هەندێک گرووپی مەسیحیی، هەمان دیدگەیان هەیە. ئێستا هەموو چاوەکان لەسەر مانگی داهاتوو، واتە ئەیلوولن.. مانگێک، کە زۆر کەس پێیانوایە گۆڕانی گرنگ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەدوای خۆیدا دەهێنێت. بەڵام هێشتا هەموو شتێک لەژێر پەردەیەکی ناڕووندایە و نازانرێت ئەیلوول چی پێشهاتێکی بۆ ناوچەکە و جیهان شاردووەتەوە.

هەڵوێستی فەرمیی ئێران

محەممەد ڕەزا عارف، جێگری یەکەمی سەرۆک کۆماری ئێران، سەبارەت بە ئەگەری دەستپێکردنەوەی شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل ڕایگەیاند: ئێمە لە دۆخی وەستانی شەڕداین، نەک ئاگربەست.

جێگری یەکەمی سەرۆک کۆمار، دوێنێ، دووشەممە، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەل سەرۆکی زانکۆکانی ئێران گوتی: ئێمە شەڕخواز نین، بەڵام ستراتیجی ئێمە ئەوەیە کە ئەگەر ئەوان شەڕ دەست پێ بکەن، ئێمە کۆتایی پێ دەهێنین!

محەمەدڕەزا عارف گوتیشی: ئێمە شەڕێکمان بەسەردا سەپێنراوە. ئێستاش لە دۆخی ئاگربەستدا نین، بەڵکو لە دۆخی نەشەڕ، نە ئاشتیدان.. بۆیە دەبێت هەموو کاتێک ئامادەی ڕووبەڕووبوونەوەی دوژمن بین.

جێگری سەرۆک کۆماری ئێران لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: بێگومان ستراتیجیی ئێمە ئەوەیە کە کێشەکان لە ڕێگەی دانوستانەوە چارە بکەین، بەڵام نیگەرانین لەوەی کە ئایا لایەنی بەرانبەر باوەڕی بە دانوستان هەیە یان نا؟

ئێران، پێشتر، چەندان جار هەرەشەی ئەوەی کردووە لە ئەگەری پەلاماردانی ئێران، لە لایەن هێزەکانی ئیسرائیل و ئەمەریکاوە، پەلاماری بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا دەدات. لە کاتی جەنگی 12 ڕۆژەشدا، ئێران، مووشەکبارانی بنکەی سەربازیی ئەمەریکی (عەدید)ی لە قەتەر کرد.

 

 

 
 
 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment