عێراق: زانیاری ئێمە بووە هۆی لەناوبردنی کارگەیەکی ماددەی هۆشبەر لە لوبنان

وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا باس لە لەنێوبردنی کارگەیەکی ماددەی هۆشبەر لە لوبنان دەکات و ئاماژەی داوە کە بەهۆی زانیارییەکانی ئەوان بووە کە ئەو کارگەیە دۆزراوەتەوە، هاوکات لای خۆشییەوە بەرپرسێکی لوبنان ئەوا ڕەت دەکاتەوە دەڵێت: ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕوون نییە.
سێشەممە 19ی ئابی 2025، وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە، لە چوارچێوەی هەماهەنگییەکی ئەمنی نێوان دەزگا هەواڵگرییەکانی عێراق و لوبنان یەکێک لە گەورەترین کارگەکانی دروستکردنی ماددەی هۆشبەری ئەمفیتامین ناسراو بە (کاپتاگۆن) لە لوبنان دۆزراوەتەوە و لەناوبراوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، سوپای لوبنان لە مانگی تەمموزدا ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی دۆزینەوەی کارگەیەکی ماددە هۆشبەرە لە گوندی یەعمون لە ڕۆژهەڵاتی دۆڵی بیقاعی لە لوبنان بڵاو کردبووە، کە بڕێکی زۆر ماددەی هۆشبەری تێدا بووە، وەزارەتی ناوخۆی عێراق لەوبارەوە باسی لەوە کردووە، ئۆپەراسیۆنەکەی سوپای لوبنان لەسەر بنەمای ئەو زانیارییانە بووە کە عێراق پێی دابوون.
لە بەرانبەردا، ئاژانسی ئەسۆشێیتد پرێس لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئەمنی لوبنان بڵاوی کردووەتەوە، ڕاگەیەندراوی وەزارەتی ناوخۆ زۆر ڕوون نییە و نازانین بۆچی لە ساتێکی ئاوادا ئەو ڕاگەیەندراوەی بڵاو کردووەتەوە، باسی لەوەش کردووە، دەزگا ئەمنییەکانی لوبنان لەو پرسە و پرسی دیکەدا هەمیشە لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکانی وڵاتانی عەرەبی و جیهان لە پەیوەندی و هەماهەنگیدابووە.
هەروەها بەگوێرەی ئاژانسەکە وڵاتانی ناوچەکە هەوڵەکانیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی بازرگانی ماددە هۆشبەرەکان چڕتر کردووەتەوە و زۆرینەی کاپتاگۆنی جیهان لە سووریا بەرهەم دەهێنرێت و بەشێکیشی لە لوبنان. وڵاتانی ڕۆژئاوا پێیان وایە بازرگانی کاپتاگۆن ملیارەها دۆلار داهاتی بۆ بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا و دارودەستەکەی هەبووە، هەرچەندە حکوومەتەکەی پێشووی دیمەشق ئەم تۆمەتانەی ڕەت کردبووە.
دوای لابردنی ئەسەد لە دەسەڵات لە کانوونی یەکەمی ساڵی 2024، هەوڵەکان لە دژی بەرهەمهێنانی ماددە هۆشبەر لە لوبنان و سووریا چڕتر بووەتەوە. هاوکات لە مانگی شوباتدا، وەزیرانی ناوخۆی لوبنان، سووریا، ئوردن و عێراق لە ئوردن کۆبوونەوە و ڕێککەوتن لەسەر دامەزراندنی ژوورێکی پەیوەندی هاوبەش بۆ ئاڵوگۆڕی زانیاری لەم بوارەدا.