ترەمپ: دەمەوێت بچمە بەهەشت

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، ڕایگەیاند، ئەگەر بتوانێت ئاشتی لە ئۆکرانیا بەدی بهێنێت، ڕەنگە ئەم دەستکەوتە یارمەتیدەر بێت بۆ "چوونە بەهەشت".
لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ بەرنامەی "فۆکس و هاوڕێیان"ی کەناڵی فۆکس نیوز، ترەمپی تەمەن 79 ساڵ گوتی: "ئەگەر بتوانم دەمەوێت بچمە بەهەشت". گوتیشی: "پێم دەڵێن دۆخم باش نییە، بەڕاستی لە خوارەوەی پلیکانەکەم! بەڵام ئەگەر بچمە بەهەشت، ئەمە یەکێک دەبێت لە هۆکارەکان".
ئەم لێدوانانە ڕۆژێک دوای ئەوە هات، ترەمپ لە کۆشکی سپی میوانداری لوتکەیەکی کرد لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، و ژمارەیەک لە سەرکردەکانی ئەورووپا بە مەبەستی دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی نێوان کیێڤ و مۆسکۆ.
پێشتریش ترەمپ ئاماژەی بە خواستی خۆی کردبوو بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا وەک هەوڵێک بۆ بردنەوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی و جەختی لەوە کردبووەوە، شایەنی ئەو خەڵاتەیە.
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە لێدوانەکانی ترەمپ، کارۆلین لیڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی، بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، "سەرۆک جددی بوو". لیڤیت، گوتیشی: "پێموایە سەرۆک دەیەوێت بچێتە بەهەشت، هەروەک هەموومان ئەوەمان دەوێت".
ترەمپ، کە سێ جار هاوسەرگیری کردووە و دووجار ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی لەکارلادان بووەتەوە لە کۆنگرێس، بە درێژایی ساڵان تووشی چەندان گرفت بووە. هەروەها وەک یەکەم سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا مێژووی تۆمارکرد، بە تۆمەتی تاوانکاری سزا درا، ئەمەش لەسەر دۆسیەی پێدانی پارە بۆ بێدەنگکردنی ئەستێرەیەکی فیلمە پۆرنۆگرافییەکان.
لە مەراسیمی سوێندخواردنیدا لە مانگی یەکی ئەمساڵ، ترەمپ جەختی لەوە کردەوە "خودا ڕزگاری کردم بۆ ئەوەی جارێکی دیکە ئەمەریکا مەزن بکەمەوە".
ئەو ملیاردێرەی پێشووی بواری خانووبەرە، پشتیوانییەکی بەهێزی لەلایەن باڵی ئایینی ڕاستڕەوی ئەمەریکاوە هەیە و لە خولی دووەمی سەرۆکایەتییەکەیدا زیاتر لە جاران سیمایەکی ئایینی لە خۆی نیشان داوە.