شارباژێڕ لەلایەن یونسکۆوە دەخرێتە لیستی میراتی جیهانی

پرۆژەی جیۆپارکی شارباژێڕ، هەنگاوێک بەرەو ناساندنی جیهانیی سروشت و مێژووی کوردستان

ئەمڕۆ چوارشەممە، 20ـی ئابی 2025، دکتۆر هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند، هه‌وڵه‌كان بۆ به‌ 'جیۆپاڕك' ناساندنى شارباژێڕ به‌رده‌وامه‌، سەرۆکی لیژنەکانی زانکۆی سلێمانی کار بۆ ئەو داوایەی یونسکۆ دەکەن کە شارباژێڕ وه‌كو پاڕك بناسێندرێت ئینجا بكرێته‌ جیۆپاڕك.

هەڤاڵ ئەبوبەکر دەڵێت: سەبارەت بۆ بە جیۆ پارکی شارباژێر، لیژنەیەکی باڵا لە زانکۆی سلێمانی پێکهێنراوە کە سەرجەم پسپۆڕە پەیوەندیدارەکان لەخۆدەگرێت و بۆردێک بۆ پڕۆژەکە دروست کراوە کە لەلایەن پارێزگاری سلێمانییەوە سەرۆکایەتی دەکرێت و قایمقامی شارباژێڕو قایمقامی ماوەت، بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری پارێزگای سلێمانی لەخۆ دەگرێت.

گوتیشی: : لیژنە باڵاکەی زانکۆی سلێمانی 100 شوێنیان لە ناوچەی شارباژێڕ دیاری کردووە. لەم چوارچێوەیەدا، چەندان جار گفتوگۆ لەگەڵ یونسکۆ کراوە و تیمەکانیان سەردانی ناوچەکەیان کردووە. لە ئێستادا کار لەسەر ئامادەکردنی ئەو دۆکیومێنت و ڕێکارانە دەکرێت کە یونسکۆ داوای کردوون، بەمەبەستی تۆمارکردنی ناوچەکە وەک جیۆپارکێکی جیهانی بۆ پاراستن و ناساندنی. سەرپەرشتیاری کارەکانیش لە ئەستۆی دکتۆر فازیل لاوەیە لە زانکۆی سلێمانی.

دەشڵێت:  تا ئێستا، ئەو کەسانەی لە پڕۆژەکەدا کار دەکەن بە شێوەی خۆبەخشی بەشدارن و هەندێک پێداویستی دابین کراوە. پڕۆژەکە پێویستی بە بودجەیەکی تایبەت هەیە کە بۆ ماوەی چوار ساڵ تەرخان بکرێت. دوای ئامادەکردنی داواکارییەکە، داوا لەم لایەنانە دەکرێت بۆ هاوکاری و هەماهەنگی، حکوومەتی هەرێمی کوردستان، حکوومەتی فیدراڵی عێراق و سەرۆکایەتیی کۆماری عێراقی فیدراڵ.

سەبارەت بەوەی ئەگەر پڕۆژەکە جێبەجێ بکرێت، چ گۆڕانکارییەک بەسەر ناوچەکەدا دێت؟ هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی ڕایگەیاند، جێبەجێکردنی پڕۆژەکە چەندان گۆڕانکاریی ئەرێنی و گرنگ بەدوای خۆیدا دەهێنێت، لەوانەش، پاراستنی ژینگە، ناوچەکە دەبێتە ناوچەیەکی پارێزراو لە ڕووی ژینگەیی و سروشتییەوە و بنەما ژینگەییەکان تێیدا جێبەجێ دەکرێت. هەروەها دەبێتە ناوچەیەکی گرنگی جیهانی بۆ بواری گەشتوگوزار و دەبێتە مەڵبەندێکی جیهانی بۆ ئەو کەسانەی کە توێژینەوە لەم بوارەکانی جیۆلۆجی، کشتوکاڵی، گەشتیاریی، سامانی ئاژەڵ و باڵندە، هەروەها یەک لەسەر سێی ئەو جۆرە بەردانەی کە مێژووی سەرەتای دروستبوونی مرۆڤایەتی دەگێڕنەوە، لەم ناوچەیەدا بوونیان هەیە. ئەمە وا دەکات ناوچەکە بایەخێکی زۆر گەورەی لەسەر ئاستی دنیا هەبێت و ببێتە ناوچەیەکی زۆر گرنگ.
 

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment