لە ئامێدی چەند پرۆژەیەکی خزمەتگوزاریی جێبەجێ دەکرێن

ئەمڕۆ چوارشەممە، 20ـی ئابی 2025، وارشین سەلمان، قایمقامی ئامێدی، لە لێدوانێکی تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند، پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاری گەورە بە گوژمەی 24 ملیار دینار لە ناوچەی گەلی باڵندە تا گوندی سیدا دەستیپێکردووە. ئەمەش لەکاتێکدایە کە بەهۆی دۆخی ئەمنییەوە، هێشتا ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی ناوچەکە نەگەڕاونەتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
قایمقامی ئامێدی دەڵێت: پڕۆژەکە دوو بەشی سەرەکی لەخۆدەگرێت، دابینکردنی کارەبای نیشتمانی بۆ ناوچەکە و دروستکردنی شەقامێکی 14 کیلۆمەتری، ئاماژەی بەوەدا کە نزیکەی سەدا 90ـی کارەکانی شەقامەکە تەواو بووە و پێشبینی دەکرێت لە ماوەی ئەم مانگەدا بەتەواوی کۆتایی پێبێت.
سەبارەت بە دۆخی ئەمنیی و گەڕانەوەی گوندنشینان، وارشین سەلمان، گوتی: "زۆربەی ئەو گوندانەی کە چۆڵکراون، هێشتا خەڵکەکەیان نەگەڕاونەتەوە، چونکە ئاسایشی لە سەدا 100ـی لەو ناوچانەدا بەرقەرار نییە." هەرچەندە ئاماژەی بە گەڕانەوەی خەڵک بۆ هەندێک لە گوندەکانی ناحیەکانی مانسیان و بامەڕنێ کرد، بەڵام ڕوونیکردەوە کە ئەمە پێش دەستپێکردنی پڕۆسەی ئاشتی بووە و دۆخەکە گۆڕانکارییەکی ئەوتۆی بەسەردا نەهاتووە.
قایمقامی ئامێدی جەختی کردەوە، گەڕانەوەی خەڵک بەشێوەیەکی سەرەکی پەیوەستە بە دڵنیابوون لە سەلامەتی گیانیان. گوتیشی: "خەڵک ئارەزووی گەڕانەوە دەکەن، بەڵام دڵنیا نین لە سەلامەتیی گیانیان، چونکە دۆخەکە هێشتا ڕوون نییە و گومانی لەسەرە."
وارشین سەلمان ڕاشیگەیاند، بەهۆی شەڕی بەردەوامی پەکەکە و تورکیا لە ناوچەکە، زیاتر لە 200 گوند لە سنووری قەزای ئامێدی چۆڵکراون.