تێپەڕاندنی پرۆژە یاسای حەشدی شەعبی لەنێوان ئالنگاریی ناوخۆ و هۆشدارییەکانی ئەمەریکادا

بەشێک لە هێزە شیعەکان، کاتەکە بۆ تێپەڕاندنی پرۆژە یاسای حەشدی شەعبی بە گونجاو نازانن

لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کە بڕیارە لە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، دەستەی حەشدی شەعبی لە چوارچێوەی دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەانی عێراقدا هەوڵی بەدەستهێنانی شەرعییەتێکی تەواو یاسایی دەدات، سەرەڕای هۆشدارییەکانی ئەمەریکا، بەڵام هێزە شیعەکان دەیانەوێت بە زووترین کات پرۆژە یاسای دەستەی حەشدی شەعبی  تێپەڕێنن.

پەرلەمانتارێکی شیعە: هێزێکی 300 هەزار چەکداری پێویستی بە شەرعییەتێکی یاساییە

محەممەد خەفاجی، ئەندام پەرلەمانی عێراق و ئەندامی لیژنەی یاسایی، لە لێدوانێکی تایبەتی بۆ ماڵپەڕی کوردستان24 دەڵێت، زۆر جددین لە تێپەڕاندنی پرۆژە یاسایەکە، بەو شێوازەی کە بە کردەیی پارێزگاری لەو دامەزراوەیە بکات وەکوو دامەزراوەیەکی ئەمنی و سەربازیی، ملکەچ بە بڕیار و ڕێنماییەکانی حکوومەتی فیدراڵ، وەکوو هەر دامەزراوەیەکی دیکەی ئەمنی .

هەروەها تێپەڕاندنی پرۆژە یاساکە بە هەنگاوێکی گرنگ دەزانێت و جەختی لە گرنگی هاوکاریی هەموو لایەنەکانی بەشدار لە پەرلەمانی عێراق دەکات بۆ تێپەڕاندنی پرۆژە یاساکە.

لەبارەی  دەستکەوتەکانی تێپەڕاندنی پرۆژە یاسایەکە، محەممەد خەفاجی گوتی، بە هیچ جۆرێک ناکرێت هێزێک کە پێکهاتبێت لە 250 تا 300 هەزار ئەندام، بەبێ چەترێکی یاسایی کار بکات، دەبێت هەیکەلێکی ڕوونی هەبێت، بۆیە تەنیا تێپەڕاندنی پرۆژە یاسایەکی لەو جۆرە دەتوانێت ئەوە بکات.

خەفاجی دەڵێت، ڕاستە یاسای حەشدی شەعبی هەیە، بەڵام یاسایەکە زۆر کورتە و زۆر وردەکاریی گرنگ هەن، کە ئاماژەی پێنەکراوە، بۆ نموونە مووچە و پلەی سەربازی و وادەی خانەنشینی و بەشداریان لە خوولە سەربازییەکاندا، هەموو ئەمانە لە یاسا کۆنەکەدا باس نەکراون.

ئەم ئەندامەی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق گوتی؛ هیچ پێویست ناکات ئەمەریکا نیگەران بێت لەبارەی تێپەڕاندنی ئەم پرۆژە یاسایە و ئەمە بابەتێکی تەواو ناوخۆییە و پەیوەندیی بە عێراق و سەروەریی عێراقەوە هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا هەموو لایەنێک مافی ئەوەی هەیە کە نیگەرانی دەرببڕێت، بەڵام ڕیگە نادەین کەس هەژموونی خۆی بەسەرماندا زاڵ بکات و بە زۆرەملێ بڕیارمان پێ بگۆڕێت.

محەممەد خەفاجی ڕایگەیاند؛ بە هیچ شێوەیەک هەوڵی سەپاندنی هێزی حەشدی شەعبی نییە و دەستەی حەشدی شەعبی تەنیا دامەزراوەیەکە، کە تەواوکەری دەمەزراوە ئەمنییەکانی دیکە دەبێت.

هەروەها لە بارەی ئامادەبوونی ئەندامانی پەرلەمان بە جلی حەشدی شەعبییەوە بۆ دەنگدان و تێپەڕاندنی پرۆژە یاساکە، خەفاجی گوتی، ئەمە تەنیا بۆ پشتگیری دەربڕینە و هیچ ئامانجێکی دیکەی لەپشتەوە نییە.

تێپەڕاندنی پرۆژە یاسای حەشدی شەعبی پێکهێنانی سوپایەکی یەکگرتووی عێراقی دوادەخات

هەر لە بارەی هەوڵی کوتلە شیعەکان و سووربوونیان لە تێپەڕاندنی پرۆژە یاسای حەشدی شەعبی، عەلی تالەقانی سەرۆکی دیداری نەبا، لە لێدوانێکی تایبەت بۆ ماڵپەڕی کوردستان24 ڕایگەیاند، تێپەڕاندنی پرۆژە یاسایەکە بۆی هەیە ببێتە هۆی ڕێکخستنی کاری دەستەی حەشدی شەعبی لەنێو چوارچێوەیەکی یاساییدا، بەڵام هۆکاری نیگەرانییەکان ترسی هەندێک لایەنە لە دەرچوونی دەسەڵاتی سەربازی بۆ دەرەوەی دامەزراوە فەرمییەکان و بەردەوامی ئاستەنگییەکانی بەردەم یەکخستنی هێزە چەکدارییەکانە لەژێر کۆنترۆلی دەوڵەتدا.

تالەقانی گوتی، ئەمەریکا هەمیشە نیگەرانی ئەوەی هەیە کە بە زیادبوونی هێزە چەکدارییەکان کۆنترۆلی ئێران بۆ سەر عێراق زیاد دەکات و پرۆسەی پێکهێنانی سوپایەکی یەکگرتووی عێراقی دوادەخات و کاریگەریی بەسەر بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر دەبێت لە داهاتوودا.

تالەقانی ڕایگەیاند، مەرج نییە پرۆسەکە زاڵکردنی هێزی حەشد بێت، بەڵکوو بۆی هەیە بەشداربێت لە ڕێکخستنی کاروبارو ئەرکەکانی. بۆیە دەکرێت تێپەڕاندنی ئەو پرۆژە یاسایە تاقیکردنەوەیەکی کردەیی توانای دەوڵەت بێت، بۆ سەپاندنی هێز و دەسەڵات بەسەر هەموو گرووپە چەکدارەکاندا.

هادی عامری کاتەکەی پێگونجاو نییە بۆ تێپەڕاندنی پرۆژە یاسای حەشدی شەعبی

پۆشینی جلوبەرگی حەشد بۆ تێپەڕاندنی پرۆژە یاسا ئالنگارییە

لە لایەکی دیکەشەوە، شرۆڤەکاری سیاسیی ناسراوی عێراق، محەممەد نەعناع تایبەت بۆ کوردستان24 گوتی، دوو بابەتی گرنگ هەن کە دەبێت لەبەرچاو بگیرێن.

یەکەمیان: کێشەکانی نێو هێزی حەشدی شەعبی کە هەر بەو هۆیەوە هادی عامری پێیوابووە کە ئێستا کاتێکی گونجاو نییە بۆ تێپەڕاندنی پرۆژە یاسایەکە و بگرە خودی حکوومەتی عێراقیش تێبینی خۆی هەبووە.

دووەمیان: حەشدی شەعبی یاسای خۆی هەیە، لە لایەنی بەخشینی شەرعیەتەوە، بەڵام لە بابەتی پلە و مووچە و خانەنشینی باشتر وایە ملکەچی یاسایە گشتییەکە بێت، بۆیە پێویست بە دەرکردنی یاسایەکی نوێ ناکات. 

لەبارەی پشتگوێخستنی هێزە فەرمییەکان و زاڵکردنی حەشدی شەعبی، نەعناع گوتی؛ ئەمە بۆ توانای حکوومەت دەگەڕێتەوە کە تا چ ڕادەیەک دەتوانێت ڕێگریان لێبکات و هاوسەنگیی لەنێوان حەشد و هێزەو فەرمییەکاندا ڕابگرێت، ئەمەش لەم کات و دۆخەی ئێستادا ئەستەمە بکرێت.

لە بارەی ئامادەبوونی ئەندامانی پەرلەمان بە جلی حەشدی شەعبی د.محەممەد نەعناع پێیوابوو کە ئەمە ئالنگارییە بۆ ئەو هێزانەی کە دژی تێپەڕاندنی یاسایەکەن و ئالنگارییە بەرانبەر ئەمەریکاش سەرەڕای ئەوەی هەندێک لە سەرکردەکان لەو نیگەرانییانە تێگەیشتوون و نایانەوێت یاسایەکە تێپەڕێت.

بێگومان تێپەڕاندنی یاسایەکە دەبێتە هۆی فراوانکردنی دەسەڵاتی حەشدی شەعبی و ئەمەش لە بەرژەوەندیی لایەنە ناشیعەکاندا نییە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک لایەنی سوننەش بۆی هەیە پشتگیریی لە یاسایەکە بکەن، بە ئامانجی زیاتری سەپاندنی هەژموونیان لە ناوچەکانی خۆیاندا، کە لەوێ حەشدی شەعبی هەیە. بەڵام لە کۆتاییدا دەبێت بەرژەوەندیی عێراقیان لەبەرچاوبێت.

23ـی تەممووزی 2025، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندبوو، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، گفتوگۆیان لەبارەی پرۆژەی یاسای حەشدی شەعبی کردووە.

لە ڕاگەیەنراوەکەدا باس لەوەش کرابوو، ڕوبیۆ نیگەرانیی وڵاتەکەی لە بارەی تێپەڕاندنی پرۆژە یاسای پەیوەست بە حەشدی شەعبی بە سوودانی ڕاگەیاندووە، هەروەها گوتوێتی، تێپەڕاندنی ئەو پرۆژە یاسایە لە پەرلەمان، دەبێتە مایەی زیادبوونی هەژموونی ئێران و گرووپە چەکدارەکان لەسەر سەروەریی عێراق.

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment