عێراق چەند بڕیارێکی لە بارەی کەمپی ئاوارەکان دەرکرد

کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزاریی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق
کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزاریی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق

ئەنجوومەنی وەزاریی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، بڕیاری دا هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی کەمپی ئاوارەکان لە وڵاتەکە بکرێت، هەروەها بڕیاری دا پاڵپشتیی ئەمنی، مرۆیی و خزمەتگوزاریی کەمپەکان بکرێت.

چوارشەممە 20ـی ئابی 2025، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، سەرۆکایەتی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزاریی ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەکەی کرد.

سه‌باح نوعمان، گوته‌بێژی فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عێراق، لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، لە کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی ڕەوشی گشتیی ئەمنیی وڵات و چەند پرسێکی گرنگی دیکە کرا، هەروەها بڕیار و ڕاسپاردەی پێویستیان لەبارەوە درا.

گوته‌بێژی فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عێراق، ڕایگەیاند: یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە، تاوتوێکردنی ڕێکارەکانی تایبەت بە پاراستنی بەندەری فاو بووە، هەروەها جەخت لەسەر دابینکردنی سەرجەم پێداویستییەکان بۆ پاراستنی ئەم بەندەرە کرایەوە.

هاوکات ئاماژەی بەوە دا، لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، باس لە ڕێککەوتننامەی نێودەوڵەتیی عێراق و ئیسپانیا کرا، کە تایبەتە بە بواری ئاسایش و بەرەنگاربوونەوەی تاوان، ڕەزامەندی درا لەسەر بەردەوامبوون لە ڕێکارەکانی پەسەندکردنی ڕێککەوتنەکە.

بە پێی ڕاگەیەنراوەکە، بڕیاردرا هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی کەمپی ئاوارەکان لە وڵاتەکە بکرێت، هەروەها بڕیاری ئەوەش درا پاڵپشتی ئەمنی، مرۆیی و خزمەتگوزاریی کەمپەکان بکرێت.

سه‌باح نوعمان، گوتیشی: هەر لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار درا هەڵسەنگاندن بۆ پرۆسەی دووبارە تێکەڵکردنی ئاوارەکان بە کۆمەڵگە و شیاندنەوەیان بکرێت.

 
Fly Erbil Advertisment