دەریای سپیی ناوەڕاست، مۆتەکەی ڕێگەی هات و نەهاتی کۆچبەران

ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی 'کۆچ' ی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان (IOM) ڕایگەیاندووە، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە، لانیکەم سێ هەزار و 812 کەس لە کاتی هەوڵدانیان بۆ گەیشتنە ئەورووپا بە بەلەم، لە دەریای سپیی ناوەڕاستدا خنکاون و تەرمەکانیان نەدۆزراونەتەوە.
پەڕینەوە لە باکووری ئەفریقاوە بۆ ئیتاڵیا یان دوورگەی ماڵتا، یەکێکە لە قەرەباڵغترین ڕێڕەوەکانی کۆچبەران بۆ گەیشتنە وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا. بەپێی ئاژانسی سنووری یەکێتیی ئەورووپا فرۆنتێکس(Frontex)، ئەم ڕێڕەوە، زیاتر لە چارەکێکی ئەو 240 هەزار کۆچبەرە نایاساییەی ساڵی ڕابردووی پێدا تێ پەڕیون.
داتاکانی فرۆنتێکس دەری دەخەن، دوای ڕێکارە توندەکانی حکوومەتە ئەورووپییەکان و هاوبەشەکانیان لە باکووری ئەفریقا، ساڵی ڕابردوو پەڕینەوە نایاساییەکان لە ڕێگەی دەریاوە بۆ یەکێتیی ئەورووپا بە ڕێژەی زیاتر لە %35 کەمی کردووە، زۆرترین کەمبوونەوەش لە ڕێڕەوەی ناوەندی دەریای سپیی ناوەڕاست تۆمار کراوە.
جیۆرجیا مێلۆنی، سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا و ئۆرسوڵا ڤۆن دەرلاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا، کە باڵی جێبەجێکاری یەکێتییەکەیە، پێشوازییان لەو کەمبوونەوەیە کرد و بە بەڵگەی سەرکەوتنی هەوڵەکانیان بۆ ڕێگریی لەو گەشتە پڕمەترسییەی کۆچبەران، ناساند.
مێلۆنی، لە مانگی ئاداری ڕابردوو، بە پەرلەمانتارانی گوت: ڕێگریی لە هاتنی کۆچبەران و تێکشکاندنی تۆڕە قاچاخچییەکان، تاکە ڕێگەیە بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی کە هەوڵی گەیشتنە ئیتاڵیا و ئەورووپا دەدەن و لەو ڕێگەیەشدا، زۆرێک لەوان لە ناو دەریادا دەمرن.
گەڕاندنەوەی نایاسایی
بەڵام، ئەو ڕێکخراوە خێرخوازییانەی کە ئۆپەراسیۆنی فریاکەوتن و ڕزگارکردنی کۆچبەران دەدەن، دەڵێن "جەختکردنەوە لەسەر ڕێگریی لە هاتنیان، ژیانی کۆچبەران دەخاتە مەترسییەوە." ئەوان هەروا دەڵێن "دوای کەمکردنەوەی ئۆپەراسیۆنەکانی گەڕان و ڕزگارکردنی پەنابەران لە لایەن تیمە حکوومەتییەکانەوە، ئێستا زۆرترین ژمارەی کۆچبەر دەبنە قوربانی ئەو ڕێگە سەخت و ترسناکە."
بە گوێرەی میدیا سەربەخۆکان، لە هەندێک حاڵەتدا، پەناخوازان لەگەڵ گەیشتنیان بە سنوورەکانی ئەورووپا، یەکسەر و بە زۆر دەگەڕێنرێنەوە؛ ئەم کردارەش، لایەن ئاژانسی پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNHCR) و دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا، بە نایاسایی لەقەڵەم دراوە.
ئاژانسی پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان و دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا، ئاماژە بەو سنووردارکردنانە دەکەن کە حکوومەتی مێلۆنی سەپاندوویەتی بەسەر کارەکانی گرووپە ناحکوومییەکان (NGO) کە ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی کۆچبەران لە دەریای سپی ناوەڕاستدا جێبەجێ دەکەن و دەڵێن "ئەم سنووردارکردنانە وا دەکەن هەندێ جار، زۆر درەنگ فریای ئەو کۆچبەرانە بکەوین کە ماوەیەک زۆرە لە دەریادا سەرگەردانن و برسی و تینو بەرەنگاری شەپۆلە بێبەزەییەکان دەبنەوە."
بەرپرسانی فرۆنتێکس، بە ئاژانسی ڕۆیتەرزیان گوتووە "قاچاخچییەکان لە لیبیا و توونس، لە پێناو دەستکەوتی ماددیی زیاتر، ژمارەیەکی زۆر لە کۆچبەران لە بەلەمی بچووکدا جێ دەکەنەوە، ئەمەش مەترسیی لەسەر ژیانی سەرنشینەکان زیاتر دەکات."
گەشتە شوومەکەی کۆچبەران و هەوڵدان بۆ ڕزگارکردنیان
ڕێکخراوی فریاکەوتنی ناحکوومیی ئەلارم فۆن و پزیشکانی بێسنوور، کۆپیی چەندان ئیمەیلیان خستەڕوو کە بۆ دەسەڵاتە دەریاییەکانی ناوچەکەیان ناردبوو سەبارەت بە بانگەوازی فریاکەوتنی بەلەمێکی سەرگەردان لەناو دەریادا؛ بەڵام هیچ کەشتییەکی پاسەوانی کەناراوەکان یان هێزی دەریایی وەڵامی بانگەوازەکانی کۆچبەرانیان بۆ فریاکەوتنیان نەدایەوە. لە کۆتاییدا ئەرکەکە بۆ کەشتییەکەی ڕێکخراوی پزیشکانی بێسنوور، "جیۆ بارێنتس"، جێ هێڵرا تا فریای ئەو کۆچبەرانە بکەوێت.
مێلۆنی، پێیوایە بوونی بەلەمەکانی فریاکەوتن لە دەریای سپیی ناوەڕاستدا، کۆچبەران هان دەدات ئەو گەشتە مەترسیدارە بکەن، ئەمەش بۆچوونێکە لەلایەن گرووپە فریاگوزارییەکان و ئەیمێ پۆپ، بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ، IOM، ڕەت کراوەتەوە.
پۆپ، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆیتەرز، گوتی: ئەو دوو بابەتە پەیوەندییان بەیەکەوە نییە. پۆپ، ستایشی بڕیارێکی ئەم دواییەی ئیتاڵیای کرد بۆ دەرکردنی ڤیزای کاری زیاتر بۆ هاووڵاتیانی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا بۆ پڕکردنەوەی کەمیی هێزی کار و گوتی: پێویستە ڕێگەی یاسایی و سەلامەت بۆ کۆچ بەرەو ئەورووپا دابین بکرێت.
نووسینگەی مێلۆنی و پاسەوانی کەناراوەکانی ئیتاڵیا، وەڵامی قسەکانی بەڕێوەبەری گشتیی IOM یان نەدایەوە. هەروا دەسەڵاتدارانی لیبیا، توونس و ماڵتا، کە لەگەڵ ئیتاڵیادا بەرپرسیارییەتیی هاوبەشیان لە ئۆپەراسیۆنەکانی گەڕان و ڕزگارکردنی کۆچبەران لە دەریای سپیی ناوەڕاستدا هەیە، هیچ وەڵامێکیان نەبوو.
بەلەمە سەرگەردانەکان
گیۆم مێرسیێر، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی ئەورووپا، گوتی: یەکێتیی ئەورووپا ڕێبازێکی گشتگیر لەبارەی کۆچەوە پەیڕەو دەکات، کە وەبەرهێنان لە بەڕێوەبردنی بەهێزی سنوورەکان، بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچییانی مرۆڤ، کارکردن لەگەڵ وڵاتانی ئەفەریقا و ئاسیا بۆ بەهێزکردنی توانای بەڕێوەبردنی سنوورەکانیان، دروستکردنی ڕێڕەوی یاساییی جێگرەوە بۆ کۆچ و چارەکردنی هۆکارە ڕیشەییەکانی کۆچی ناڕێک، دەگرێتەوە.
مێرسیێر گوتی: ئێمە جەخت دەکەینەوە لەسەر پاراستنی ژیان، بەرەنگاربوونەوەی تۆڕە تاوانکارییەکان و دڵنیابوونەوە لەوەی هەر ئۆپەراسیۆنێک لە دەریادا بە شێوەیەکی بەرپرسیارانە و بەپێی ئەرکە نێودەوڵەتییەکان جێبەجێ دەکرێت.
کریس بۆرۆوسکی، گوتەبێژی فرۆنتێکس، گوتی: لە کاتێکدا فرۆنتێکس دەسەڵاتی ئۆپەراسیۆنی فریاکەوتن و ڕزگارکردنی کۆچبەرانی نییە، بەڵام ئێمە زۆرجار، یەکەم لایەنین کە بەلەمێکی سەرگەردان لە دەریادا دەبینینەوە و پەیوەندیی بەو لایەنانەوە دەکەین کە دەتوانن یارمەتیی سەرنشینەکان بدەن یان بەلەمێکی فریاکەوتنیان بۆ بنێرن.
هەراسانیی ئەورووپا و گەشەکردنی ڕاستڕەوەکان
زۆربوونی کۆچی نایاسایی بووەتە پرسێکی سیاسیی سەرەکی لە ئەورووپا، بە تایبەتی پاش ئەوەی لە دەیەی ڕابردوودا زیاتر لە یەک ملیۆن کەس، بە بەلەمی کۆن و خراپ، لە ڕێگەی دەریای سپیی ناوەڕاستەوە خۆیان دەگەیاندە باشووری ئەورووپا.
هاتنی ئەو ژمارە زۆرەی کۆچبەران، وڵاتانی ئەندامی یەکێتیی ئەورووپایان هەراسان کردووە و بووەتە هۆی بەهێزبوونی حزبە ڕاستڕەوە توندڕەوەکان لە چەندان وڵاتدا؛ لەوانە، حزبەکەی مێلۆنی لە ئیتاڵیا.
یەکێتیی ئەورووپا و وڵاتانی ئەندام دەیانەوێت بە خێرایی دیپۆرتکردنەوەی ئەو کەسانەی کە شایستەی مانەوە نین، یان دۆزینەوە و لێدانی تۆڕەکانی قاچاخچییان ڕێگە لە هاتنی کۆچبەران بگرن. بەڵام هێشتا ڕوون نییە ئەو سیاسەتە سەرکەوتوو دەبێت، یان دەریای سپیی ناوەڕاست وەک گۆڕستانێکی بێدەنگی کۆچبەران دەمێنێتەوە؟
