سیامەند قادر: هەر هاووڵاتییەک فۆرمی پسولەی خۆراکی پڕنەکردبێتەوە بێبەش دەبێت لەبەشە ئاردی ئەم مانگە

بەڕێوەبەرایەتیی ڕێکخستنی پسولەی خۆراکی هەولێر ئاماژە بەوە دەکات، 25ـی ئەم مانگە کۆتا وادەیە بۆ پرکردنەوەی فۆرمی پسولەی خۆراک بەشێوەی ئەلیکترۆنی و هەرکەسێک پڕینەکاتەوە بێ بەش دەبێت لە بەشە خۆراکی مانگانە.

سیامەند قادر، بەڕێوەبەری ڕێکخستنی پسولەی خۆراکی هەولێر، ئەمڕۆ چوارشەممە، 20ـی ئابی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: وادەی پڕکردنەوەی فۆرمی پسولەی خۆراک بەشێوەیەکی ئەلیکترۆنی بەردەوامە و 25ـی ئەم مانگە کۆتا وادەیە بۆ پڕکردنەوەی.

سیامەند قادر، گوتیشی: لە سنووری پارێزگای هەولێر 86٪ـی هاووڵاتییان پڕیانکردووەتەوە و نزیکەی 280 هەزار کەسیش ماون، ڕۆژانە لە بەڕێوەبەرایەتییەکەمان فۆرم بۆ هاووڵاتییان پڕدەکرێتەوە و کارئاسانییان بۆ دەکرێت.

هەروەها ئاماژەی بەوەکرد، ئاردی ئەم مانگە لەلایەن بریکارەکانەوە بە سیستەمی نوێ کاری پێدەکرێت و هەر هاووڵاتییەک فۆرمی پسولەی خۆراکی پڕنەکردبێتەوە بێ بەش دەبێت لە بەشە ئاردی مانگانە.

بەڕێوبەری پسولەی خۆراک باسی لەوەش کرد، مانگی ئەیلوول قۆناغی دووەم پرۆسەکە دەستپێ دەکات، تۆمارکردنی ناوی منداڵ و هاوسەرگیری و گواستنەوە لەخۆ دەگرێت.

پێنجشەممە، 29ـی ئایاری 2025، ئەپڵیکەیشنی خۆراک لە هەولێر بەفەرمی کارا کرا و لە هەرێمی کوردستان نزیکەی هەشت هەزار بریکاریی ئارد و خۆراک هەن، کۆی گشتی پێنج ملیۆن و 350هەزار کەس بەشە خۆراکی مانگانە وەردەگرن.

 لە سنووری پارێزگای هەولێر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانەوە دوو هەزار و 297. بریکاریی ئارد و خۆراک هەن.

پێشتر لە 8ـی ئایاری 2025، پڕۆسەی بە ئەلیکترۆنیکردنی بریکارەکانی خۆراک  لە هەڵەبجە وەک یەکەم پارێزگا بە فەرمی کارا کرا.

 
 
Fly Erbil Advertisment