کێ فریای دارستانە بێنازەکانی زاگرۆس دەکەوێت؟

ساڵانە، لە وەرزی هاویندا ئاگر لە دارستانەکانی زاگرۆس لە سنووری پارێزگاکانی کرماشان و سنە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەوێتەوە و زیانی گەورە بە سروشت و ژینگەی ناوچەکە دەگەیەنێت. ئێستا ئاگرێکی فراوان لە دارستانەکانی سنووری مەریوان کەوتووەتەوە و چالاکانی ژینگەپارێز و هاووڵاتیانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەبێ بوونی ئامێری پێشکەوتوو و پشتیوانی هەوڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە دەدەن.

پێنجشەممە، 21ـی ئابی 2025، بەختیار ڕەوشەنکار، ئەندامی ئەنجوومەنی سەوزی چیای مەریوان، تایبەت بە کوردستان 24ـی ڕاگەیاند "لە کۆتایی بەهاری ئەمساڵەوە ئاگر لە دارستانەکانی دەوروبەری مەریوان کەوتووەتەوە و تا ئێستا زیاتر لە هەزار هەکتار دارستان سووتاوە."

ڕەوشەنکار، گوتی: پێشتر ئاگرەکان لە نزیک شارۆچکەی مەریوان دەکەوتنەوە و ڕووبەریان کەم بوو و زووتر فریای کوژاندنەوەیان دەکەوتین، بەڵام ئەم ئاگرەی ئێستا، لە نێوان گوندەکانی 'هەنجیران، هانەشێخانە، دەرەوان و بناوەسووتە'ی نزیک بە سنووری پارێزگای سلێمانییە و لە ڕۆژی شەممەی ڕابردووەوە تا ئەمڕۆ، زیاتر لە 550 هەکتاری گرتووەتەوە.

مەترسی تەشەنەسەندنی ئاگرەکە

ئەندامی ئەنجوومەنی سەوزی چیای مەریوان، گوتیشی: ئێمە لەو بڕوایەداین ئاگرەکە دەستکردە و مەترسی تەشەنەسەندنی هەیە و لەوانەیە بگاتە گوندەکانی چەم شلێر و باڵان لە ناوچەی شلێری باشووری کوردستان.

ڕەوشەنکار، کوژاندنەوەی ئەو ئاگرەی بە کارێکی سەخت ناو دەبات و گوتی: ئاگرەکە لە دارستانێکی زۆر چڕ کەوتووەتەوە و ناوچەیەکی سەخت و پڕ لە دۆڵ و ڕەوەزە و هاتوچۆ پێیدا زەحمەتە. 

ڕەوشەنکار، هەروا گوتی: پاش مردنی دوو ژینگەپارێز لە کاتی هەوڵدانیان بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە، لە مانگی ڕابردوودا، جگە لە ئەندامانی ڕێکخراوەکەمان، خەڵکانی تر ناوێرن هاوکاریمان بکەن. 

ڕەوشەنکار، لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی: ڕێکخراوە ژینگەپارێزەکانی شارەکانی تر، ئامادەیی خۆیان بۆ هاوکاریمان دەربڕیوە، بەڵام بە سوپاسەوە وەڵاممان دانەوە کە جارێ پێویست ناکات، سەرباری ئەوەش دوێنێ، چوارشەممە، دوو تیمی ژینگەپارێز لە سنەوە بۆ یارمەتیدانمان گەیشتوونەتە مەریوان. 

سووتانی دار و مەرگی ئاژەڵە کێوییەکان

بە گوێرەی ڕاپۆرتە خۆجێیەکان، سەرەڕای تەقەللای تیمەکانی ژینگەپارێز، بەهۆی سەختیی ناوچەکە و خێرایی با و پلە بەرزی گەرما، تا ئێستا ئاگری دارستانەکانی زاگرۆس لە سنووری پارێزگای کرماشان کۆنترۆڵ نەکراون.

پێنجشەممە، 21ـی ئابی 2025، ئاژانسی هەواڵی ئیسنا، بڵاویکردووەتەوە، لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە 10 تیمی پێکهاتوو لە گرووپەکانی ژینگەپارێز، مانگی سوور و چالاکانی ڕێکخراوەکان بە هاوکاریی دانیشتووانی گوندەکانی ناوچەکە سەرقاڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکەن.

دارستانەکانی زاگرۆس، چەندان جۆر داری تێدا دەڕوێن وەک بەڕوو، بادام، دارەبەن و بەڵاڵووک؛ هەروا 180 جۆر باڵندە، 45 جۆر ئاژەڵی شیردەر، 33 جۆر ماسی و 34 جۆر خشۆک لەو دارستانانەدا دەژین و ئاگرکەوتنەوەی بەردەوام هەڕەشەی لەناوچوونیان لێ دەکات.

تیمەکان فریای ئاگرەکە ناکەون

ئاژانسی هەواڵی میهر، ڕایگەیاندووە بۆ کوژاندنەوە و کۆنترۆڵکردنی ئاگری دارستانەکانی زاگرۆس، 18 تیمی فەرمی و 40 تیمی فریاکەوتنی خێرا و 165 گرووپی خۆبەخشی میللی و زیاتر لە 270  چاودێری خۆجێی، بەشدارن. ئەمە جگە لە 17 بنکەی ئاگرکوژێنەوە و دروستکردنی زیاتر لە 3 هەزار و 500 کیلۆمەتر هێڵی ئاگربڕ.
سەرباری ئەو هەوڵانە، تا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، زیاتر لە سەدان هەکتار دارستان لە ناوچەکانی سەرپێلی زەهاو، داڵاهۆ، هەورامان و بناری شاهۆ سووتان.

زاگرۆس دەسووتێنن

بە گوێرەی ڕاپۆرتی ژینگەپارێزان، زیاتر لە %90ـی ئاگرکەوتنەوەی دارستان و لەوەڕگەکانی ئێران، لە دارستانەکانی زاگرۆس ڕوو دەدەن و ئەوان لایانوایە زۆربەی ئەو ئاگرانە، دەستکردن. سەرباری ئەوەش وشکەساڵی و بەرزبوونەوەی نائاسایی پلەکانی گەرما و هەڵکردنی ڕەشەبا، دەبنە هۆی تەشەنەسەندنی خێرای ئاگرەکان.

ئەحمەد جەلیلیان، بەڕێوەبەری گشتیی ژینگەپارێزی کرماشان بە ئاژانسی هەواڵی 'ئیرنا' ی ڕاگەیاند "ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان سەبارەت بە بابەتی ئاگرکەوتنەوەی دارستان و لەوەڕگاکان و ڕادەی کاریگەریی هۆکارە مرۆیی و نامرۆییەکان لە ڕوودانی ئەم ئاگرانەدا، دەریانخستووە زیاتر لە %90ی ئاگرکەوتنەوە لە دارستان و لەوەڕگاکاندا، هۆکاری مرۆیین، ئەم بابەتەش پێویستی بە چاودێریی زیاترە."

ژینگەپارێزان، سەربازانی گومناو

جەلیلیان، گوتیشی: تیمە فەرمییەکان و خۆبەخشەکان، کەرەستە و پێدوایستیی تایبەتیان بۆ کوژاندنەوە و کۆنترۆڵکردنی ئاگر لە ناوچە سەخت و شاخاوییەکاندا، نییە. جگە لەوەش سنووری ناوچە سروشتییەکان زۆر بەرفراوانە و تەنیا بە هاوکاریی خەڵک و ڕێکخراوە خۆبەخشەکان دەتوانین تا ڕادەیەک، بەرەنگاری مەترسیی ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکان ببینەوە.

قاسم سەبزەلی، فەرماندەی یەکەی پاراستنی دارستانەکان لە ناوچەی گەیلانی ڕۆژئاوا لە پارێزگای کرماشان، دەڵیت: ئۆپەراسیۆنی کوژاندنەوەی ئاگرەکە لە دارستانەکانی زاگرۆسی گەیلانی ڕۆژئاوا، سەخت و تاقەتپڕوکێن بوو و تەنیا بە  هەوڵ و تەقەللای هێزە ماندوویینەناسەکانی دارستان و ژینگەپارێزان، سەری گرت. بەڵام بەداخەوە هەر جارێک ئاگرەکە دەکوژێنرایەوە، بای بەهێز دەبووە هۆی هەڵگیرسانەوەی ئاگر لە جێگەیەکی دیکەوە.

 

 
 
 
Fly Erbil Advertisment