زۆربهی ئەو منداڵانەی لەگەڵ دایکیان لە گرتووخانهكاندا دەمێننەوە خەڵکی دەرەوەی هەرێمی کوردستانن

بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: لە چاکسازییەکانی ژنان و منداڵانی هەرێمی کوردستان، 30 منداڵ لەگەڵ دایکیان دەمێننەوە.
ئیحسان بابان، بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 21ـی ئابی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: لە چاکسازییەکانی ژنان و منداڵان لە هەرێمی کوردستان 30 منداڵ لەگەڵ دایکیان لە گرتووخانهكاندا دەمێننەوە.
ئیحسان بابان گوتیشی: بەگوێرەی یاسا نابێت هیچ منداڵێک تەمەنی لە سێ ساڵ زیاتر بێت لەلای دایکی بمێنێتەوە، بەڵام چونکە کەسوکاریان لەخۆیان ناگرن، ناچارین لەگەڵ داكیان بمێننەوە.
بەڕێوەبەری چاکسازییەکانی هەرێم ئاماژەی بەوە کرد، جلوبەرگ و شیر و تەواوی پێداویستییەکان بە هەماهەنگیی لەگەڵ ڕێکخراوە ناحکوومییەکان بۆیان دابین دەکرێت، لەگەڵ هەبوونی خزمەتگوزاریی بەردەوامی تەندروستی.
هەروەها باسی لەوەش کرد، داوامان کردووە منداڵەکان ببرێنە شێڵتەرەکانی تایبەت بە منداڵان، سەرەڕای ئەوە هەموویان لە قاوشەکان تێکەڵ نین و هەوڵمان داوە، تا ڕادەیەک کەشێکی سەقامگیریان بۆ دروست بکەین.
ئیسحان بابان، جەخت لەوە دەکاتەوە، بەشی زۆری ئەو منداڵانەی لە گرتووخانهكانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ دایکیانن، خەڵکی دەرەوەی هەرێمی کوردستانن.