لاهور شێخ جه‌نگی په‌یامێكی ڤیدیۆیی بڵاوكرده‌وه و داوای گه‌ردن ئازادی له خه‌ڵك كرد

لاهور شێخ جه‌نگی په‌یامێكی ڤیدیۆیی له‌سه‌ر بانی هۆتێل لاله‌زار له سلێمانی بڵاوكردووه‌ته‌وه و تێیدا ڕه‌خنه‌ی توند له یه‌كێتی ده‌گرێت و تۆمه‌تی گه‌نده‌ڵ و خیانه‌تكار ده‌داته پاڵی؛ ده‌شڵێت، ڕه‌نگه ئه‌مه دوایین په‌یامی بێت و داوای گه‌ردن ئازادی له خه‌ڵكی سلێمانیش ده‌كات.
به‌ره‌به‌یانی هه‌ینی، 22ـی ئابی 2025، لاهور شێخ جه‌نگی په‌یامێكی ڤیدیۆیی له‌سه‌ر بانی هۆتێل لاله‌زار له سلێمانی بڵاوكرده‌وه و تێیدا ڕه‌خنه‌ی توند له یه‌كێتی ده‌گرێت و تۆمه‌تی گه‌نده‌ڵ و خیانه‌تكار ده‌داته پاڵی.
لاهور شێخ جه‌نگی له په‌یامه‌كه‌یدا كه به دواپه‌یامی ناو ده‌بات و داوای گه‌ردن ئازادی له خه‌ڵكی سلێمانی ده‌كات، ده‌ڵێت، له پێناو خه‌ڵكی كوردستان و شاره‌كه‌ی له كوردستان ماوه‌ته‌وه، ئه‌گه‌رنا له دوای ڕووداوه‌كانی 8ـی ته‌ممووزه، ده‌رفه‌تی زۆر باشی بۆ هاتووه‌ته پێش و ده‌یتوانی له ئه‌ورووپا زۆر خۆش بژیێت.
لاهور شێخ جه‌نگی له په‌یامه‌كه‌دا ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه، ئاماده نییه ملكه‌چی هیچ هێز و لایه‌نێكی "ملهوڕ، گه‌نده‌ڵ، خیانه‌تكار، ناپیاو و ناپاك به خاك و نیشتمان" ببێت.
هه‌ینی، 22ـی ئابی 2025، ئارام به‌ختیار، په‌یامنێری كوردستان24 له سلێمانی گوتی، هێزێكی زۆری یه‌كێتی به تانك و زرێپۆشه‌وه له دوای نیوه‌شه‌وه‌وه، له‌ناو سلێمانی بڵاوه‌یان كردووه و به پێی زانیارییه‌كانیش به‌ره‌و لاله‌زار جووڵه‌یان كردووه بۆ ده‌ستگیركردنی لاهور شێخ جه‌نگی، كه به فه‌رمانی دادوه‌ری ئاسایشی سلێمانی داوای ده‌ستگیركردنی كراوه.
ئارام به‌ختیار ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، به‌هۆی چۆلبوونی شه‌قام و بازاڕه‌كانی سلێمانی، ڕێگای جووڵه‌ی هێزه‌كانی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان به‌ره‌و لاله‌زار كراوه‌تر بوو. گوتیشی، كاره‌بای لاله‌زار و ده‌وروبه‌ری كوژاوه‌ته‌وه و دیار نییه بۆچی كوژاوه‌ته‌وه و كێ كوژاندوویه‌تییه‌وه.
هه‌ینی، 22ـی ئابی 2025، میدیای نزیك له یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له‌سه‌ر زاری عه‌مید ئارام محه‌ممه‌د ساڵح، به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی پارێزگای سلێمانی گوتی، له لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی و به پێی مادده‌ی 56 له یاسای سزاكانی عێراق ژماره 111ـی ساڵی 1969ـی هه‌مواركراو، فه‌رمانی ده‌ستگیركردن بۆ لاهور جه‌نگی و "چه‌ند تۆمه‌تبارێكی دیكه"، ده‌رچووه.
عه‌مید ئارام محه‌ممه‌د ساڵح گوتبووشی، دوای ده‌رچوونی، فه‌رمانه‌كه به‌سه‌ر سه‌رجه‌م هێزه ئه‌منییه‌كان و ئه‌ندامانی به‌رزه‌فتی دادوه‌ریی دابه‌ش كراوه.
عه‌مید ئارام محه‌ممه‌د ساڵح ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردبوو، فه‌رمانه‌كه پابه‌ندبوونی تێدایه و ده‌بێت ئه‌وانه‌ی ناویان تێدا هاتووه، ده‌ستگیر بكرێن. گوتیشی، وه‌كوو به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی پۆلیسی سلێمانی ئاماده‌كارییان بۆ جێبه‌جێكردنی فه‌رمانه‌كه كردووه.
هه‌روه‌ها دادوه‌ر سه‌ڵاح حه‌سه‌ن، جێگری سه‌رۆكی دادگای سلێمانی كه هاوكات گوته‌بێژی دادگاكه‌شه به هه‌مان شێوه به كوردستان24 و به میدیای نزیك له یه‌كێتی ڕاگه‌یاند، بڕیاری ده‌ستگیركردنی لاهور شێخ جه‌نگی و "چه‌ند تۆمه‌تباریكی دیكه" له لایه‌ن دادگای ئاسایشی سلێمانی ده‌رچووه، بڕیاره‌كه‌ش به پێی مادده‌ی 56 له یاسای سزاكانی عێراق ژماره 111ـی ساڵی 1969ـی هه‌مواركراو بووه.
جێگری سه‌رۆكی دادگای سلێمانی گوتیشی، مادده‌ی 56 باس له بوونی ڕێككه‌وتن و هه‌ماهه‌نگیی تاوانكاریی و هه‌ر كارێكی دیكه ده‌كات كه زیان به ئاسایش و ئارامی بگه‌یه‌نێت.