هێرشی هێزه‌كانی یه‌كێتی بۆ سه‌ر هۆتێل لاله‌زار ده‌ستی پێكرد

هێرشی هێزه‌كانی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان بۆ سه‌ر هۆتێل لاله‌زار له سه‌رچنار ده‌ستی پێكرد؛ چه‌كی قورس له ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هێزه ئه‌منییه‌كان و لاهور شێخ جه‌نگی به‌كار دێت. ده‌گوترێت، كوژراو و بریندار له نێوان هێزه‌كانی یه‌كێتی و هێزه‌كانی لاهور هه‌یه.
به‌ره‌به‌یانی هه‌ینی، 22ـی ئابی 2025، هاوژین جه‌مال، په‌یامنێری كوردستان24 له سلێمانی گوتی، هێرشی هێزه‌كانی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان بۆ سه‌ر هۆتێل لاله‌زار له سه‌رچنار ده‌ستی پێكرد و له‌و هێرشه‌دا چه‌كی قورسیش به‌كار دێت و ده‌نگی ته‌قه‌یه‌كی زۆر دێت.
هاوژین جه‌مال گوتیشی، هێزه‌كانی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان داوایان له ماڵه‌كانی ده‌وروبه‌ری هۆتێله‌كه كردووه، ماڵه‌كانیان چۆل بكه‌ن، نه‌وه‌ك زیانیان به‌ربكه‌وێت.
هاوژین جه‌مال ده‌شڵێت، كاره‌با له ناوچه‌كه بچڕاوه و ده‌گوترێت، كوژراو و بریندار له هه‌ردوولادا هه‌یه، ته‌نانه‌ت مووشه‌ك ئاراسته‌ی هۆتێل لاله‌زار ده‌كرێت. به گشتی دۆخێكی ناله‌باری ئه‌منی له سلێمانی هه‌یه و له چه‌ند شوێنك ئاگر كه‌وتووه‌ته‌وه.
به‌ره‌به‌یانی هه‌ینی، 22ـی ئابی 2025، لاهور شێخ جه‌نگی په‌یامێكی ڤیدیۆیی له‌سه‌ر بانی هۆتێل لاله‌زار له سلێمانی بڵاوكرده‌وه و تێیدا ڕه‌خنه‌ی توندی له یه‌كێتی گرت و تۆمه‌تی گه‌نده‌ڵ و خیانه‌تكاری دایه پاڵ.
لاهور شێخ جه‌نگی له په‌یامه‌كه‌یدا كه به دواپه‌یامی ناو برد و داوای گه‌ردن ئازادی له خه‌ڵكی سلێمانی كرد، گوتوویه‌تی، له پێناو خه‌ڵكی كوردستان و شاره‌كه‌ی له كوردستان ماوه‌ته‌وه، ئه‌گه‌رنا له دوای ڕووداوه‌كانی 8ـی ته‌ممووزه، ده‌رفه‌تی زۆر باشی بۆ هاتووه‌ته پێش و ده‌یتوانی له ئه‌ورووپا زۆر خۆش بژیێت.
لاهور شێخ جه‌نگی له په‌یامه‌كه‌دا ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردبوو، ئاماده نییه ملكه‌چی هیچ هێز و لایه‌نێكی "ملهوڕ، گه‌نده‌ڵ، خیانه‌تكار، ناپیاو و ناپاك به خاك و نیشتمان" ببێت.
هه‌ینی، 22ـی ئابی 2025، ئارام به‌ختیار، په‌یامنێری كوردستان24 له سلێمانی گوتی، هێزێكی زۆری یه‌كێتی به تانك و زرێپۆشه‌وه له دوای نیوه‌شه‌وه‌وه، له‌ناو سلێمانی بڵاوه‌یان كردووه و به پێی زانیارییه‌كانیش به‌ره‌و لاله‌زار جووڵه‌یان كردووه بۆ ده‌ستگیركردنی لاهور شێخ جه‌نگی، كه به فه‌رمانی دادوه‌ری ئاسایشی سلێمانی داوای ده‌ستگیركردنی كراوه.
ئارام به‌ختیار ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، به‌هۆی چۆلبوونی شه‌قام و بازاڕه‌كانی سلێمانی، ڕێگای جووڵه‌ی هێزه ئه‌منییه‌كان به‌ره‌و لاله‌زار كراوه‌تر بوو. گوتیشی، كاره‌بای لاله‌زار و ده‌وروبه‌ری كوژاوه‌ته‌وه و دیار نییه بۆچی كوژاوه‌ته‌وه و كێ كوژاندوویه‌تییه‌وه.
هه‌ینی، 22ـی ئابی 2025، میدیای نزیك له یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له‌سه‌ر زاری عه‌مید ئارام محه‌ممه‌د ساڵح، به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی پارێزگای سلێمانی گوتی، له لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی و به پێی مادده‌ی 56 له یاسای سزاكانی عێراق ژماره 111ـی ساڵی 1969ـی هه‌مواركراو، فه‌رمانی ده‌ستگیركردن بۆ لاهور جه‌نگی و "چه‌ند تۆمه‌تبارێكی دیكه"، ده‌رچووه.
عه‌مید ئارام محه‌ممه‌د ساڵح گوتبووشی، دوای ده‌رچوونی، فه‌رمانه‌كه به‌سه‌ر سه‌رجه‌م هێزه ئه‌منییه‌كان و ئه‌ندامانی به‌رزه‌فتی دادوه‌ریی دابه‌ش كراوه.
عه‌مید ئارام محه‌ممه‌د ساڵح ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردبوو، فه‌رمانه‌كه پابه‌ندبوونی تێدایه و ده‌بێت ئه‌وانه‌ی ناویان تێدا هاتووه، ده‌ستگیر بكرێن. گوتیشی، وه‌كوو به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی پۆلیسی سلێمانی ئاماده‌كارییان بۆ جێبه‌جێكردنی فه‌رمانه‌كه كردووه.
هه‌روه‌ها دادوه‌ر سه‌ڵاح حه‌سه‌ن، جێگری سه‌رۆكی دادگای سلێمانی كه هاوكات گوته‌بێژی دادگاكه‌شه به هه‌مان شێوه به كوردستان24 و به میدیای نزیك له یه‌كێتی ڕاگه‌یاند، بڕیاری ده‌ستگیركردنی لاهور شێخ جه‌نگی و "چه‌ند تۆمه‌تباریكی دیكه" له لایه‌ن دادگای ئاسایشی سلێمانی ده‌رچووه، بڕیاره‌كه‌ش به پێی مادده‌ی 56 له یاسای سزاكانی عێراق ژماره 111ـی ساڵی 1969ـی هه‌مواركراو بووه.
جێگری سه‌رۆكی دادگای سلێمانی گوتیشی، مادده‌ی 56 باس له بوونی ڕێككه‌وتن و هه‌ماهه‌نگیی تاوانكاریی و هه‌ر كارێكی دیكه ده‌كات كه زیان به ئاسایش و ئارامی بگه‌یه‌نێت.