میدیای یەکێتی: لالەزار کۆنترۆڵ کرا

میدیاکانی یەکێتیی بڵاویانکردەوە، شەڕە تەقە لە سلێمانی کۆتایی هات و هۆتێل لالەزار کۆنتڕۆڵ کرا.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ ههینی، 22ـی ئابی 2025، میدیاکانی یەکێتیی رایانگەیاند، شەڕە تەقە لە سلێمانی کۆتایی هات و هۆتێل لالەزار کۆنتڕۆڵ کرا.
میدیاکانی یەکێتی بڵاویشیان کردەوە، لاهور شێخ جەنگی و پۆڵادی برای دەستگیرکران و کۆتایی بە شەڕە تەقەی هۆتێل لالەزار هاتووە، ئەمەش لەدوای ئەوەی ژمارەیەک چەکداری سەر بە لاهور شێخ جەنگی لە هوتێل لالەزار خۆیان ڕادەستی هێزەکانی یەکێتی کردووە.
لە کاتژمێر هەشتی ئێوارەی دوێنێ پێنجشەممە،21ـی ئابی 2025، دۆخی سلێمانی لەگەڵ بڵاوکردنەوەی هێزەکانی یەکێتی شڵەژاوە و دوای دەستپێکردنی هێرش بۆ سەر بارەگای سەرەکی لاهور شێخ جەنگی، ترس و دڵەڕاوکێیەکی زۆر لەنێو دانیشتووانی شاری سلێمانی بڵاوبووەتەوە، بە تایبەت دانیشتووانی گەڕەکی سەرچنار، بەهۆیەوە شەڕو پێکدادانەکانەوە، خەڵکێکی زۆر ئەوانەی لە لالەزار نزیکن، لەنێو ماڵەکانیان گیریانخواردووە و ناتوانن لە مەترسییەکان ڕزگار بکەن.
تاوەکوو ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی قوربانیانی شەڕی ئەم دوو هێزە بڵاو نەکراوەتەوە، بەڵام شەقامەکانی سلێمانی چۆڵ بوون و لە شەقامەکانی سەرچناریش بە بازگە و هێزی یەکێتی تەنراون.