سلێمانی شەوێکی نائارامی بەڕێ کرد

بەگوێرەی زانیارییەکانی هاوژین جەمال، پەیامنێری کوردستان24، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، 22ـی ئابی 2025، دۆخێکی نائاسایی لە شاری سلێمانی هاتە ئاراوە بەهۆی پێکدادانێکی قورسەوە لەنێوان هێزەکانی کۆماندۆی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و هێزی 'دووپشک'ـی سەر بە لاهور شێخ جەنگی.

بەگوێرەی زانیارییەکان، دانیشتووانی شاری سلێمانی باس لەوە دەکەن، لە پێکدادانەکاندا چەکی قورس بەکارهاتووە، کە زیانی بە ژمارەیەک ماڵی هاووڵاتییان گەیاندووە. بەتایبەتی لە گەڕەکی قلیاسان، خەڵک بەهۆی سەختیی شەڕەکەوە لە ماڵەکانیان گیریان خواردبوو و نەیانتوانیوە بۆ شوێنێکی ئارامتر بچن. یەکێک لە دانیشتووانی گەڕەکەکە دەڵێت: "تا کۆتایی شەڕەکە لە ماڵەوە بووین، نەماندەتوانی بڕۆینە دەرەوە. بەهیچ شێوەیەک ژیانمان ئاسایی نەبوو و زۆربەی هێزەکان لێرە کۆببوونەوە."

هەروەها بەپێی زانیارییەکان، هێزە ئەمنییەکانی یەکێتیی تا درەنگانێکی شەو لە نزیک هۆتێل لالەزار جێگیر ببوون و زیانێکی زۆر بەر هۆتێلەکە کەوتووە. هەروەها، هێزە ئەمنییەکان چوونەتە ناو هۆتێلەکە و ماڵی لاهور شێخ جەنگی و دەستیان بەسەردا گرتووە.

تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، هێزێکی زۆری ئەمنیی لە دەوروبەری هۆتێلەکە بوونیان هەیە و ڕێگە بە میدیاکاران نادرێت ڕووماڵی ڕووداوەکە بکەن. سەرجەم ڕێگاکانی ناوچەی سەرچنار داخراون و تەنها ڕێگەی قلیاسان کراوەیە.

لە کاتژمێر هەشتی ئێوارەی دوێنێ پێنجشەممە،21ـی ئابی 2025، دۆخی سلێمانی لەگەڵ بڵاوکردنەوەی هێزەکانی یەکێتی شڵەژاوە و دوای دەستپێکردنی هێرش بۆ سەر بارەگای سەرەکی لاهور شێخ جەنگی، ترس و دڵەڕاوکێیەکی زۆر لەنێو دانیشتووانی شاری سلێمانی بڵاوبووەتەوە، بە تایبەت دانیشتووانی گەڕەکی سەرچنار، بەهۆیەوە شەڕو پێکدادانەکانەوە، خەڵکێکی زۆر ئەوانەی لە لالەزار نزیکن، لەنێو ماڵەکانیان گیریانخواردووە و ناتوانن لە مەترسییەکان ڕزگار بکەن.

تاوەکوو ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی قوربانیانی شەڕی ئەم دوو هێزە بڵاو نەکراوەتەوە، بەڵام شەقامەکانی سلێمانی چۆڵ بوون و لە شەقامەکانی سەرچناریش بە بازگە و هێزی یەکێتی تەنراون.  

 

 
 
 
 
 
 
 

Fly Erbil Advertisment